
سارۆ خوسرەوی
شارەزایان و توێژەرانی بواری بەها مرۆییەکان، ئەخلاق یان ڕەوشت بە کۆمەڵێک بنەما، بەها و پێوەری فکری و کۆمەڵایەتی پێناسە دەکەن کە دوو دیاردەی «چاکە و خراپە» لە یەکتر جیا دەکاتەوە و شێوازی هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەگەڵ خۆی و دەوروبەردا ڕێک دەخات. پێوەرەکانی ئەخلاق دەکرێت بەپێی فەرهەنگ، سەردەم و شوێن تا ڕادەیەک گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.
تێگەیشتنی یارسان بۆ ئەخلاق، وەک تێگەیشتنی زۆرێک لە فەیلەسووف و بیرمەندانی دنیا، خۆی لە چەمکەکانی بەرپرسیارێتی، ئازادی، دادپەروەری و بێدادیدا دەبینێتەوە. لە یارساندا، ئەخلاق بنەمایەکی سەرەکی و چەقی باوەڕدارییە. لە دەقەکانی یاریدا، مرۆڤایەتی، پاکی، ڕاستگۆیی و ئازارنەدانی ئەوانی تر پێش هەموو شتێک دێت. پایە سەرەکییەکانی ئەخلاق لە یارساندا، خۆی لە چوار وشەی وەک: (پاکی، ڕاستی، نیستی و ڕەدا)دا دەبینێتەوە. لە باوەڕی یارساندا، ڕەچاوکردنی پڕەنسیپە ئەخلاقییەکان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، بۆ ئەوەیە بەبێ جیاوازیی ئایین، نەتەوە و ڕەگەز، ڕێز لە مرۆڤەکان بگیرێت. ڕاستی و دروستی، پاکژیی دڵ و دەروون و زمان بۆ ئەوەیە پابەندی ڕێچکەی ڕاست بیت و بەدوور بیت لە دیاردەگەلی وەک: درۆ و فێڵ، وتەی ناشیرین، کینە و لەخۆبایی کە دەبێتە هۆی ئازاردانی مرۆڤەکان و تەنانەت گیاندارانیش. ئەخلاق، نەزمی فکری و چەمکی سەرەکیی ڕوانگەی یارسانە. لە ڕوانگەی زانایانی یارسانەوە، هەرکەسێک خۆی بە پێڕەوی یاری بزانێت، پێویستە لەش و دەروون و دەست و دڵی پاکژ بێت. ئەم بیرۆکەیە پەیوەندی بە فەرهەنگی کۆمەڵگە و ئاستی زانایی و تێگەیشتنی مرۆڤەوە هەیە. هەربۆیە یارسان خۆی دەبەستێت بە چەمکی ئەخلاقەوە و لەسەر ئەو بنەمایە خۆی پێناسە دەکات. وەک ئەوەی کە لە چەند بەندێک کەلامدا پێداگری لەسەر بنەما ئەخلاقییەکان دەکات و دەڵێت:
«یاری چوار چێوەن باوەڕیش وەجا
پاکی و ڕاستی و نیستی و ڕەدا»
یان لە کەلامێکی دیکەدا کە ئاراستەی کۆمەڵگەی یارسان کراوە، هاتووە:
«یارسان وەڕا، یارسان وەڕا
ڕای حەق ڕاسییەن، بڕانان وەڕا
پاکی و ڕاستی و نیستی و ڕەدا
قەدەم وەقەدەم تا وە مەنزڵگا»
وەک گوتمان، چەمک و جەوهەری ئەخلاق لە یارساندا، بە چوار وشەی وەک: (پاکی، ڕاستی، نیستی و ڕەدا) دەست پێ دەکات و کۆمەڵگە لەسەر ئەم بنەما ئەخلاقییانە بە بنەما دەگرێت. بۆ تێگەیشتن لە ڕوانگەی ئەخلاقیی یارسان، پێویستە پشت بە دەقەکانی کەلام ببەستین. بە پێویستی دەزانم لە پێشدا ئاماژەیەک بە چوار وشەی (پاکی، ڕاستی، نیستی و ڕەدا) بکەم و دواتر بپەڕژێمە سەر چەند دەقێکی کەلام لە یارساندا کە لە ڕووی واتا و نێوەڕۆکەوە ئاماژە بە چەمکی ئەخلاق دەکەن.
پاکی: واتە پاککردنەوەی دەروون و دەرەوە لە پیسی و خراپە و دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە پیسییەکی ماددی و مەعنەوی. سوڵتان سەهاک، پاکژی لە چوارچێوەی زانایی و ئاستی تێگەیشتووی مرۆڤەکاندا پێناسە دەکات و لە کەلامێکدا پیر بنیامین وەک ئەندازەیارێکی زانا بە سەرچاوەی پاکژی دەزانێت و دەڵێ:
«پاکی پاکبازی، پاک ئالایی
بنای بناگر دانای دنیایی»
ئەم جۆرە لە تێڕوانینی سوڵتان سەهاک بۆ ئەخلاق، پەیوەندییەکی زۆر نزیکی هەیە لەگەڵ بیرۆکەی سۆقرات کە پێی وایە ئەخلاق لە «زانین و زانست»ـەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر مرۆڤ ئاگاداری چاکە بێت هەرگیز خراپە ناکات و نەزانی هۆکاری سەرەکیی هەموو خراپەیەکە.
ڕاستی: واتە ڕاستگۆیی، دەستپاکی، دروستیی پیشەکردن، دووریکردن لە فرتوفێڵ لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵ و پابەندبوون بە ڕاستییەوە. یارسان پێی وایە، هەموو مرۆڤێک دەبێ ڕاستبێژ و دروستکردار بێت. سوڵتان سەهاک لەم بارەوە دەڵێ:
«زاتمەن سەروەرە، زاتمەن سەروەرە
سوڵتان سەهاکم زاتمەن سەروەرە
مەدەرێ مراز گردین ناموەر
هەرکە وەڕابۆ ماوەریش نەوەر»
سوڵتان لەم کەلامەدا، بەرواردکردنی داخوازیی مرۆڤەکان دەبەستێتەوە بەوەی کە مرۆڤ دەبێت لە کرداری ڕۆژانەی خۆیدا، ڕاستی بکاتە پیشەی ژیان و دادپەروەر بێت. لای «ئەفڵاتوون»ـیش بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەخلاق پەیوەستە بە دادپەروەری و هاوسەنگیی نێوان ئاوەز و ئارەزوو. ئەو پێی وایە مرۆڤی بەئەخلاق ئەو کەسەیە ئاوەزی زاڵ بێت بەسەر ئارەزووەکانیدا.
نیستی: واتە خاکەڕایی، خۆنەویستی، کوشتنی پەسنی خۆپەسەندی، خۆبەزلزانی و ملهوڕی لە خۆتدا. چەمکی نیستی لە خوێندنەوەی یارساندا، قەبووڵکردن و گەیشتنە بەو مەرجانەی کە مرۆڤی خاوەن کردار لە ژیاندا هەوڵیان بۆ دەدات، بەبێ ئەوەی بیر لە بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خۆی بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر پێویستی کرد، قوربانیشی بۆ بدات. بەو پێیە جێبەجێکردنی ئەرک و ئەرکانی یاری، پەیوەستە بە ئازایەتیی مرۆڤەوە، بەڵام لە مەسەلەی ئازایەتیدا گەرەکە هاوسەنگی لە نێوان بوێری و ترسنۆکیدا لەبەرچاو بگیرێت. لە یاریدا، تۆ کاتێک دەتوانیت بە مەبەستی خۆت بگەیت، خاکەڕایی بکەیتە پیشە و خۆت دوور بگریت لە دیاردەی خۆبەزلزانی و ملهوڕی.
سوڵتان سەهاک دەڵێ:
«پیرە وە نیستی، پیرە وە نیستی
بزانە ڕای حەق ئەرکان و نیستی»
ئەرەستوو لەم بارەوە چەمکی ئەخلاق دەبەستێتەوە بە هەڵسوکەوتی باش و خراپی مرۆڤ لەگەڵ ژینگە و دەوروبەردا و بۆچوونی وایە لە مەسەلەی ئازایەتیدا پێویستە جۆرێک لە هاوسەنگی لە نێوان ترسنۆکی و بێباکیدا هەبێت.
ئیمانوێل کانت کە خاوەن فەلسەفەی «ئەخلاقی ئەرک»ـە، باوەڕی وایە، کردەوەی مرۆڤ تەنیا لەبەر خاتری ئەرک و ویژدان دەبێت ئەنجام بدرێت، نەک لەبەر بەرژەوەندی یان ترس لە سزا. لای کانت، ئەخلاق لەسەر بنەمای عەقڵ دامەزراوە و کردەی ئەخلاقی تەنیا کردارێکە کە لە دەرەوەی ئەرک ئەنجام دەدرێت و لەسەر بنەمای فەرمانی ڕەها دامەزراوە. ئەم بۆچوونەی کانت لەوە دەچێت نزیک بێت لە ڕوانگەی مرۆڤدۆستیی یارسان کە پێی وایە مرۆڤ ئەگەر لەبەر ترس کردەوەیەکی خراپی هەبوو، پێویستە لەباتی سزادان پەروەردە ببینێت.
لە یارساندا، کردەوەی مرۆڤەکان گرینگ و بنەواییە. ئەم چەمکە بە جۆرێک پێناسەی بۆ کراوە کە تۆ وەک جووتیارێک هەرچی بچێنیت، بەرهەمی ڕەنجت هەر ئەوە دەبێت کە هەوڵت بۆ داوە.
پیر بنیامین لەم بارەوە دەڵێ:
«کردار کشتتەن هەرچی مەکاڵی
پەری وێتتان فەردا وەرماڵی»
ڕەدا (ڕێدا): واتە لێبوردەیی، بەخشندەیی، یارمەتیدانی کەسانی تر، قوربانیدان، خزمەتکردنی ڕاستگۆیانە، فیداکاری و بەرگەگرتنی سەختییەکانی ژیان. لە ئایینی یاریدا، بەخشینی مرۆڤەکان، بە واتای ئاشتەوایی، لەسەرخۆبوون، چاوپۆشی و هاودەردی دێت کە جەوهەری ئەم بیرۆکە گرینگ و پڕبایەخە خۆی لە چەمکی (ڕەدا)دا دەبینێتەوە. بەڵام ڕەداباری پێویستی بە مامۆستا و پەروەردەیە و هەموو کەسێک ناتوانێت خۆی لەم بوارە بدات.
سوڵتان سەهاک دەڵێ:
«ڕای ڕەداباری چێشەندی ڕسووم
ئوسا و شاگردی پاسا مەۆ مەرقووم»
لەم دوو بەندە کەلامەی سوڵتاندا، دیسان زانست و پەروەردە وەک سەرچاوەی ئەخلاق لە قەڵەم دراوە. واتە تۆ دەبێت لە ڕووی زانستییەوە تاقیکردنەوەت کردبێت، بۆ ئەوەی فێری بەخشین و لەسەرەخۆیی بیت. ئەم جۆرە لە تێڕوانینی یارسان بۆ ئەخلاق کە باس لە پێگەیاندنی مرۆڤەکان دەکات، ڕەنگە زۆر دوور نەبێت لەو ڕوانگە فەلسەفییەی فرێدریک نیچە کە ڕەخنە لە ئەخلاقی باو دەگرێت و پێی وایە ئەخلاقی کۆیلەکانە کە مرۆڤ لاواز دەکات. هەربۆیە لە بانگەشەی بۆ ئەخلاق باس لە جۆرێک لە پێگەیاندن و تێگەیشتنی مرۆڤ دەکات کە لەودا هێز، ئیرادە و سەرکەوتن بە بنەمای چاکە دەزانێت.
لە یارسان و ئایینی بوودادا بۆچوونی هاوبەش هەیە لەسەر چەمکی ئەخلاق. ئەخلاق لە ئایینی بوودا لەسەر بنەمای خۆشەویستی و لێبوردەیی و کەمکردنەوەی سزا دامەزراوە. لە ئایینی بوودا پێنج بنەمای گرنگ هەیە کە دەبێت ڕەچاو بکرێت: دوورکەوتنەوە لە کوشتن، دزی، ڕەفتاری نەشیاو، درۆ و قسەی خراپ، و ماددەی هۆشبەر. جگە لە ماددە هۆشبەرەکان، یارسان بۆچوونی هاوشێوەی هەیە لەسەر چوار بنەماکەی دیکەی بوودا. ئامانجی سەرەکیی بوودا لەم پێنج بنەمایە، گەیشتنە بە هۆشیاریی باڵا (نیرڤانا) و دوورکەوتنەوە لە کردارە خراپەکان بەهۆی یاسای کارما (واتە هەر کردارێک کاردانەوەی خۆی دەبێت). نیرڤانا چەمکێکی ئایینی و فەلسەفییە، بە واتای ئاسوودەیی و ئارامییەکی تەواو دێت کە مرۆڤ تێیدا لە خەم، ئازار، و سووڕی ژیان و مردن (سەمسارا) ڕزگاری دەبێت.
چەمکی ئەخلاق لای فەیلەسووف و بیرمەندان، بەپێی قوتابخانە فەلسەفی و ئایینییەکان دەگۆڕێت؛ ئەم چەمکە لە بنەڕەتدا بریتییە لە زانینی چۆنیەتیی ژیانێکی دروست و دیاریکردنی هێڵی نێوان چاکە و خراپە. خاڵی هاوبەش لە نێوان یارسان و بیرمەندانی ئەورووپایی بۆ ئەخلاق ئەوەیە، کە هەردوولایان پێیان وایە سەرچاوەی کار و کردەوەی چاک گرێدراوی هاوسەنگیی هێزە لە دەروون و ئاوەزدا. ئەندێشەی مرۆڤدۆستی، ئازادیخوازی، نکۆڵیکردن لە داسەپاندنی دەسەڵات، پرسیارکردن، گەڕان بەدوای حەقیقەت، دادپەروەری و پابەندبوون بە یاسای مرۆڤ، خاڵگەلی گرینگ و پڕبایەخن لە ستوونی ئەرکانی یاری و باوەڕی یارساندا. هەر بۆیە تەیموور بانیارانی دەڵێ:
«یاران مەر ئەوسا تەیموور دڵشاد بوو
ئازادی مەخلووق دادڕەسی داد بوو»
یارسان لە ڕوانگەی ئەخلاقیی خۆیدا، بە چاکە وەڵامی خراپە دەداتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم کردارە ڕات دێنێت و ئامادەت دەکات بۆ ئەوەی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ کرداری خراپدا بکەیت، بە جۆرێک کە ئینسانییەت بکەیت بە پیشە و لە دواییدا بە چاکە وەڵامی خراپە و بە ئەوین و خۆشەویستییەوە وەڵامی چاکە بدەیتەوە. ڕەنگە بە خوێندنەوەی ئەم کەلامە، باشتر لە واتای مرۆڤدۆستیی یارسان تێبگەین کە دەڵێ:
«دووسی دەس شەرت داشان چەنی هەم
مەبوو چوین گیجەنگ، قاپی بوو موحکەم
ئەر ڕۆژێ سەد جار دەس بنەی پێوە
دووبارە بەێو وە جاگەی وێوە»
ئەم کەلامە ئەوەمان بۆ دەردەخات خۆشەویستی و ڕاستگۆیی لە دڵەوە سەر هەڵدەدات و تەنیا بە دڵێکی پاک و دوور لە قین کێشەکان چارەسەر دەکرێن. بەم شێوەیە درەختی خۆشەویستی و سۆز لە دڵەکاندا ڕەگ دادەکوتێت و تەنیا بە هاوسۆزی و تێگەیشتن لەیەکتری دەتوانین لە ڕاستی نزیک ببینەوە. لەبەر ئەوەی ئەخلاق وەک یاسایەک لە یارساندا بنەمای ئەرکێکی مرۆییە کە بەرپرسیارێتی بەرامبەر مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە دروست دەکات. لە چەندین کەلامی خوارەوەدا، زانایانی یارسان باس لە سیفەتە باش و خراپەکان دەکەن، جەخت لەسەر سیفەتە باشەکان دەکەنەوە و سیفەتە خراپەکان لە مرۆڤ و کۆمەڵگە دوور دەخەنەوە.
شێخ ئەمیر لە چەند بەند کەلامدا دەڵێ:
«ئەو مەواچۆ دەرد تۆ باچە گیان
پەرێ تۆ سوودە پەرێ ئەو زیان
. . .
ئەر ئایین وێت وە خاس مەزانی
وە ئایین کەس بەد نمەوانی
. . .
هەرکەس دەس و دڵ چەنەش یار نییەن
لە دوکان یار خەوەردار نییەن
. . .
یاری جەننەتە ئازار نەدارۆ
کەسێ وە کەسێ کارێ نەدارۆ
. . .
مێردێ ئازادە ڕاگەش بەرد ئەو سەر
مێردی نائازاد وە یاری ئەو وەدەر
. . .
ڕاگەی حەقیقەت نییەن وە میراس
حەق وە کەسێوەن ئەرکانش بۆ ڕاس
ڕاگەی حەقیقەت کەجبازی نییەن
حەق وە کەجبازی هیچ ڕازی نییەن
ڕاگەی حەقیقەت شیشەبەنییەن
نە جای گەزافەن نە جای مەنییەن
. . .
ڕا هەر ڕاسییەن، ڕا هەر ڕاسییەن
ڕا هەر یەکێوەن ئەویش ڕاسییەن»
پیر حەسەن خوراسانی دەڵێ:
«دەس و دڵی وێت بکەرە شەرە
هەر کارێ بەدە ئانە مەکەرە»
نەورۆز سۆرانی دەڵێ:
«هەرکەس دوژمنن هانە شکەستم
من وە ڕاهنما ڕاگەش مەوەستم»
کەسێک کە دڵی تژی بێت لە حەقیقەت و پاکی، هەمیشە لە دەوری بازنەی خۆشەویستی دەسووڕێتەوە. بۆیە لە دەربڕینی هەر خاڵێکدا هەنگاوی یەکەم تێگەیشتنە لە مانا و پاراستنی ڕێز. یارسان وەک ئەرکێکی ئەخلاقی جەخت لەسەر ئەمە دەکاتەوە و دەڵێ:
«هەی یار گیانی، هەی یار گیانی
ئەز وە فەدات بام ئەی دۆس گیانی
یاری مروەتا وە میهرەبانی
وە سیقە و قوروان وە گیانای گیانی»
هەوڵدان بۆ پاوانخوازی و توندوتیژی لە ڕوانگەی یارساندا جێگەی نابێتەوە و دەسەڵاتی تاکەکەسی جێگەی خۆی دەداتە بیرۆکەگەلی وەک ئازادیی بیرکردنەوە، بیرۆکەی باش، ڕاوێژ و گفتوگۆ.
لەم پێوەندییەدا سوڵتان سەهاک دەڵێ:
«بە کەلام نەرم کەن سەری ئاسنینێ
بۆ میتان بێژن وەکو یاسینی»
یان پیر ڕۆستەم لەم بارەوە دەڵێ:
«یاری و کەلام جای گفتوگووەن
وەشا پا کەسە وە یاریش خووەن»
چەمکی ئەخلاق لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، ئایینی و فەلسەفیی خۆیدا، لە یارسان و لای زۆرێک لە بیرمەندانی ئەم بوارە، بریتییە لە ڕێکخستنی پرسە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە. بنەمای تێڕوانینی یارسان ڕێزگرتنە لە مرۆڤایەتی کە لە شێوەی خۆناسین و مەعریفەدا خۆی دەردەخات و لەو سۆنگەیەوە چەمکی ئەخلاق پێناسە دەکات. ئەم بنەمایە تەنیا لە ژیانی تاکەکانی یارساندا ڕەچاو ناکرێت، بەڵکوو دەبێ لە هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشدا لەبەرچاو بگیرێت، چونکە ئایینی یاری جۆرێکە لە تێڕوانینی فکری و فەلسەفی بۆ واقیعی ژیان لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا.
سەرچاوەکان:
- سەرەنجام، ڕوونووس، توێژینەوە و نووسینی تەیب تاهیری، چاپخانەی ئاراس، هەولێر.
- مێژوو و فەلسەفەی سەرەنجام، نووسینی تەیب تاهیری، چاپخانەی دەزگای موکریانی، هەولێر.
- دەفتەری شێخ ئەمیر، ڕوونووسی سەید ئەمرۆڵڵا شائیبراهیمی.
- دەفتەری نەورۆز سۆرانی، ڕوونووسی سەید فەرەیدوون دانشمەند.
- مبانی فلسفه اخلاق، رابرت ال هولمز، ترجمه: مسعود علیا.
- اخلاق اسلامی، مبانی و مفاهیم، محمد داودی.