ڕۆژی شەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینادا ڕێپێوانێک لەلایەن هێز و لایەنە سیاسییە كورد و ئێرانییەكانەوە لە شاری كۆڵن لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.
كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستان ئێران لە ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی ڕێپێوانەکەدا ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبەش بەشدارییان لە رێپێوانەکەدا کرد و یادی شۆڕشی ژینا و شەهیدانی ئەو شۆڕشەیان بەرز نرخاند.
سەرەتای ڕێپێوانەکە بە سرودی ژن، ژیان، ئازادی دەستی پێكرد و دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرانی ڕێپێوانەکە بەڕێزان سینا بێهنام، خاتوو سنوور و خاتوو شەقایەق ڕێپێوانەکەیان بە سێ زمانی كوردی، ئاڵمانی و فارسی بەخێرهاتنی بەشداربووانیان كرد.
پەیامی "همبستگی فراگیر" لەلایەن خاتوو سنوورەوە خووێندرایەوە.
دواتر لەلایەن خاتوو ڕادا فاتحی خوشكی شەهید ڕامین فاتحییەوە پەیامێک پێشکەش كرا.
پەیامی ژنانی دیاسپۆرا لەلایەن خاتوو شەهێن مورتەزازادە ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە پێشكەش كرا.
دواتر پەیامی نوێنەری حیزبی SPD لەلایەن خاتوو كلودیا واڵتر خوێندرایەوە.
پەیامی نوێنەری حیزبی Die Linke لەلایەن بەڕێز تۆماس شانتیلن خوێندرایەوە و
پەیامێک بە نوێنەرایەتی نەتەوەكانی ئێران لەلایەن بێهروز مەلەكشاوە پێشكەش كرا.
لەلایەن بەڕێز ئەسكەندەر ئابادییەوە پارچە موزیكێک و دواتر چەند سروودێک لەلایەن هونەرمەند ئازاد شاوەیسییەوە پێشكەش كرا.
دواتر لەلایەن بریندارانی شۆڕشی ژیناوە پەیامێک پێشكەش كرا.
ڕێپێوانەکە لەناو شەقامەكانی شاری كۆڵن دەستی پێكرد و بە سروود و دروشمی كوردی و ئاڵمانی و فارسی تا كاتژمێر ٦ی ئێوارە درێژەی هەبوو.