دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی سەپاندن، جێبەجێکردنی بڕیارە نایاسایی و نادادپەروەرەکانی دژ بە بەندکراوان، دەستی بەسەر ماڵ و سامانی ٢٤٩ بەندکراو بە تۆمەتی «سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە»دا گرتووە.
هەواڵدەریی «میزان»، سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیم، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا «بە فەرمانی دادوەری، دەست بەسەر سامانی ژمارەیەکی زۆر لە خائینان بە نیشتمان و خەڵک»دا گیراوە.
میزان نووسیویەتی: «لە بەشێکی دیکەی ئەم کارانەدا، ١٨٢ هەژماری بانکیی سەر بەم کەسانە لە بانکەکانی ئێراندا بلۆکە کراون».
لەسەر بنەمای هەمان یاسای ڕێژیم، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم دەستی بەسەر سامانی سەدان کەس بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ دوژمن»دا گرتووە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەوە بە پەسەندکردن و جێبەجێکردنی یاسای «توندکردنی سزای سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ دوژمنان»، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانیان لە سەرانسەری ئێران دەسبەسەر کردووە و لەسێدارەیان داون و ڕۆژبەڕۆژ گوشارەکانی دژ بە خەڵکی ئێران و ناڕازییانیش زیاد دەکات.