کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێگسێت: ترامپ تەواوی بژاردە سەربازییەکانی لەبەر دەستدایە

11:37 - 12 رەزبەر 2726

پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆن و هەنگاوە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکەدا ڕوون کردەوە و هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد.

هیگسێت جەختی کردەوە کە دوناڵد ترامپ لەسەر ڕێگرییکردن لە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەکی ئەتۆمی سوورە و ڕایگەیاند تاران دەبێت لە نێوان دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی یان ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توندتر، یەکێکیان هەڵبژێرێت.

وەزیری شەڕی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرای کرد کە ئەرکی سەرەکیی ئەو ڕەخساندنی بەرفراوانترین بژاردەی سەربازی بۆ سەرۆککۆماری ئەمریکایە.

هێگسێت ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزەکانی ئەمریکا کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هۆرمۆزیان لەدەستدایە و وتی: "پەیامی ئێمە ڕوونە؛ ئێران هەرگیز، هەرگیز، هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

ناوبراو سەرەڕای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی بە ڕێژیمێکی تێرۆریستی وەسف کرد، ئاماژەی بەوە دا کە تاران بەهۆی هێرشەکانەوە زۆر لاواز بووە و هەوڵەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی توانا تێکشکاوەکانی زۆر هێواش و قورس دەبن.

لە بەرانبەر پرسیاری ڕەوانەکردنی سێیەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ ناوچەکە یان دیاریکردنی خشتەیەکی کاتی بۆ کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ، وەزیری شەڕی ئەمریکا ڕەتی کردەوە هیچ کاتێک دیاری بکات و بڕیاردان لەسەر ئەم بابەتانەی بۆ ترامپ هێشتەوە.