ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٥، لە شاری کۆڵنی وڵاتی ئاڵمان، بەشی پەروەردەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وانەیەکی پەروەردەیی تایبەت و چوار کاتژمێریی بۆ ئەندامانی حیزب بەڕێوە برد. بەرنامەکە بە شێوەیەکی فەرمی بە سروودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب» و ڕاگرتنی چەند چركە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
لە بەشی دووەمی سێمینارەکەدا، مامۆستای زانکۆ و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات، بەڕێز دوکتۆر سمایل بازیار، بابەتێکی پڕ ناوەرۆکی لەسەر پرسی "ناسیۆنالیزمی تورکی، عەرەبی، ئێرانی و کوردی" پێشکەش کرد. دکتۆر بازیار بە شێوازێکی زانستی تیشکی خستە سەر چەمکی نەتەوەسازی و ڕەگ و ڕیشەی سەرهەڵدانی بزووتنەوە نەتەوەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ناوبراو بە زانیارییەکی گشتگیرەوە مێژووی شۆڕشەکان، کاریگەریی ڕووخانی ئێمپڕاتۆریی عوسمانی، شۆڕشی تورکە لاوەکان و ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆی شی کردەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی وانەکەدا، پرسی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ و دەسەڵاتی ڕەزاخان لە ئێران و کاریگەرییان لەسەر چارەنووسی نەتەوەی کورد خرانە بەر باس. هەروەها ڕۆڵی ڕووناکبیرانی داڕێژەری ناسیۆنالیزمی ئێرانی و دەستێوەردانی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، لە پاڵ شۆڕش و خەباتی سەربەخۆییخوازانەی ڕێبەرانی وەک سمکۆی شکاک و پێکهاتنی کۆماری کوردستان، وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی شرۆڤە کران.
لە کۆتاییدا، بەشداربووان بە پرسیار و تێبینییەکانیان بابەتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە خولە پەروەردەییانە کرایەوە.