کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە؛ چەمکێکی گرێدراوی بزووتنەوەی مەدەنی–سیاسیی کورد

11:04 - 10 رەزبەر 2726

د. ئازاد محەممەدیانی

هەر کاتێک باس لە کورد و خەباتی دژ بە ستەم و هەڵاواردن دەکرێت، پێش هەموو شتێک ئەوەی دەستبەجێ بە خەیاڵی بەردەنگی نائاشنا بە کوردستاندا دێت، شەڕی چەکداری و چەمکی «پێشمەرگە»یە. ئەم تێڕوانینە بێهۆکار نییە و بە دڵنیاییەوە پاشخانێکی دەروونی و زەینی لە پشتە؛ کە دەکرێت لە دوو گۆشەنیگاوە لەم بابەتە بڕوانرێت: لە لایەکەوە، ئەم پێشداوەرییە لەوانەیە دەرهاویشتەی دەرکەوتنی بەشێک لە شوناسی خەباتی کورد بێت بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و مرۆییەکانی خۆی؛ لە لایەکی دیکەشەوە، نیشاندەری نەبوونی تێگەیشتنێکی دروستە لە ماهییەت و جەوهەری بزووتنەوەی نەتەوەیی–دێموکراتیکی گەلی کورد؛ بزووتنەوەیەک کە لە تەواوی مێژووی هاوچەرخدا، بە پشتبەستن بە چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە و بە ئامادەبوونی مەدەنی و سیاسیی خۆی، بەردەوام بەرەنگاریی دەسەڵاتی ملهوڕ بووەتەوە. ئەم ئامادەبوونە مەدەنییە، جوانترین و بێوێنەترین نموونەکانی بزووتنەوەی مەدەنی و «بەرگریی نەرێنی» لە ئێراندا خستووەتە ڕوو. گەلی کورد هەر کاتێک ناچار بووبێت بۆ بەرگری لە خۆی پەنای بۆ چەک بردووە، هاوکات هەرگیز لە شێوازەکانی دیکەی خەبات غافڵ نەبووە. کەواتە، فەلسەفەی بوونی پێشمەرگە و چەکی دەستی کورد، پێویستی بە تێگەیشتنێکی ورد و گشتگیر لە هەموو ڕەهەندەکانی خەباتی ئەو گەلە هەیە.

لە خوێندنەوەیەکی مێژووییدا بۆ هۆکارەکان و چۆنیەتیی سەرهەڵدانی هێزی پێشمەرگە وەک ڕێکخراوێک یان دامەزراوەیەکی یەکگرتوو و پێکهاتەدار، دەکرێت ئاماژە بە کۆماری کوردستان وەک سەرەتای ئەو ڕەوتە بکەین. کاتێک کۆمار دامەزرا، ئەم حکوومەتە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و سەروەری و دابینکردنی نەزم و ئاسایش، وەک هەر دەسەڵاتێکی تر پێویستی بە دامەزراندنی هێزێک بوو کە هەم توانای شەڕی هەبێت و هەم لەژێر فەرمانی بەڕێوەبەرایەتیی سیاسیی کوردستاندا ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. بێگومان چەکداربوون، بە هیچ شێوەیەک لە کوردستان و ناوچەکانی تری پەراوێزی ئێراندا دیاردەیەکی نوێ نەبوو؛ لە سەردەمێکی نە زۆر دوور لەو قۆناغە مێژووییەی باس کرا، لە زۆربەی ناوچەکانی ئێراندا چەک هەم لە دەستی خەڵک و هەم لە دەستی هۆز و عەشیرەتە جیاوازەکاندا بوو. لە ڕاستیدا کارێک کە کۆماری کوردستان کردی، ئەوە بوو مەسەلەی چەک و هێزی چەکداری خستە ناو چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی و یەکگرتووییەکی دامەزراوەیی پێ بەخشی؛ هێزێک کە دەبوو لەژێر فەرمانی سەرکردایەتیی سیاسیدا بێت، بۆ سەپاندنی سەروەری و پاراستنی ئەو کیانە نوێیە.

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان هەتا شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا ــ جگە لە قۆناغێکی کورت، کە سەردەمی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی ٤٦–٤٧ بوو ــ سەرنجی سەرەکی هەمیشە لەسەر خەباتی مەدەنی و سیاسی بووە؛ هەربۆیە زیندانەکانی ڕێژیمی پەهلەوی پڕ بوون لە جەماوەرێکی بەرفراوانی چالاکانی سیاسیی کورد. هاوکات لەگەڵ ڕووخانی دیکتاتۆریی پەهلەوی، هێزە سیاسییەکانی کورد وەک هەر هێزێکی بەرپرسیار کە نوێنەرایەتیی داخوازییە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی گەلی کوردیان دەکرد، هێزی پێشمەرگەیان بۆ سەقامگیرکردنی نەزم و ئاسایش لەو بۆشاییە سیاسییەی کە هاتبووە ئاراوە بەکار هێنا. ئەم هێزە سەرەڕای نائارامی و ناسەقامگیریی سیاسی لە تاران و ناوەنددا، توانی بە شێوازێکی سەرکەوتووانە و کاریگەر، هێمنی و ئاسایش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بپارێزێت. بەڵام بەهۆی کردەوەی تێکدەرانەی هێزەکانی سوپای پاسداران و دواتر دەرکردنی فەرمانی جیهادی خومەینی دژی گەلی کورد، ئەم پێکهاتەیە ناچار بوو وەک هێزێکی شەڕکەر و جەنگاوەرانێکی وەفادار بە ئامانجەکانی نەتەوەکەیان مەیدانداری بکات؛ ئەمەش وەڵامدانەوەیەکی سروشتی و ڕەوا بوو کە هەر نەتەوەیەک لە بەرامبەر دەستدرێژی، جینۆساید و تاواندا نیشانی دەدات.

بەم شێوەیە، ئەم هێزە لە ڕوانگەی گشتیی خەڵکی کوردستاندا وەک پاڵپشتێکی لەخۆبوردوو بەرامبەر بە پەلاماری هێزە دژەمرۆییەکانی دەسەڵاتی ئایینی، و هاوکات وەک پاڵپشتی هەمەلایەنە و مانابەخشی خەباتی مەدەنی، ڕێزی لێ گیراوە و بەرز نرخێندراوە. تەنانەت لەو ساڵانەشدا کە خەباتی چەکداری لە پێشینەی کاردا نەبووە، نموونەی بێشومار هەن کە خەڵک لە مەیدانی خەباتی جەماوەری لەسەر شەقام و لە بەرامبەر توندوتیژیی دەسەڵاتدا، داوای هاوکاری و پشتیوانییان لە پێشمەرگە کردووە؛ بەڵام تێگەیشتنی دروستی مێژوویی و واقیعبینیی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لەم قۆناغانەدا، بڕیاری بە بەشداریی چەکداری لە شەقامەکاندا نەداوە و هەمیشە ڕێگەی خەبات و بەرگریی مەدەنیی بە پەسەندتر زانیوە.

کورت و پوخت، پرسی چەک و هێزی پێشمەرگە تەنیا دیاردەیەکی سەربازیی ڕووت نییە، بەڵکوو یەکێکە لە کۆڵەکە پتەوەکانی گوتاری سیاسیی کورد کە بەردەوام هاوشان لەگەڵ چەمکەکانی تری بزووتنەوەی نەتەوەیی–دێموکراتیک، لە بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی چوارچێوەیەکی مانایی دایە کە زۆر لە خەباتی چەکداری بەرفراوانترە. پێشمەرگە ئێستا چەمکێکی ئیلهامبەخش و یەکێک لە پایە پێکهێنەرەکانی ئەو گوتارەیە؛ گوتارێک کە تێیدا ئەم هێزە نەک ئامرازی توندوتیژی و هەڕەشە، بەڵکوو لە لایەکەوە پەیامهێنەری ئازادی و ئاشتییە، و لە لایەکی دیکەشەوە پاڵپشتێکی جێی متمانەی خەباتی مەدەنی–سیاسیی کۆمەڵگەی کوردستانە؛ خەباتێک کە هێمن، لەسەرپێ و وشیار بەرەو داهاتووی ڕزگاری هەنگاو دەنێت.