لە درێژەی ڕەوتی دەسبەسەرکردن، سەپاندنی سزای قورس و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییان لە کوردستان، کچە وەرزشوانێکی سەقزی دەسبەسەر کرا، بەندکراوێکی سیاسیی پێشوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی زیندان و لاوێکی کوردی خەڵکی ئاشخانەی خۆراسان دەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کوردپا، ڕۆژان ئێبراهیمی، کچە لاوی تەمەن ٢٠ ساڵە و وەرزشکاری بواری MMA و خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٥، هێزە بەناو ئەمنییەکانی ئیدارهی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ڕۆژان ئێبراهیمی و دوای دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
تا کاتی بڵاوکرانەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم کچە کوردە لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، خزر ڕەسووڵ مروەت، بەندکراوی سیاسیی پێشوو ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەزبەری بۆ جێبەجێکرانی سزای بەندکرن ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.
بە وتەی کوردپا، ئەم بەندکراوە سیاسییە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» لەلایەن لقی یەکەمی بەناو دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی «ئەحەد سیامی» بە یەک ساڵ بەندکرن سزا دراوە.
هەروەها بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی ڕەزبەر، عەلیڕەزا ڕەشیدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ساڵانی کوردی خەڵكی شاری “ئاشخانە”ـی سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور، دوای ئەوەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی گرتە ڤیدیۆیەکەوە ناسیویانەتەوە کە لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداری کردووە، لە ڕێگەی تلفوونەوە ئاگادار کراوەتەوە کە سەردانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بکات، دوای سەردانکردنی هەر لەوێ دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.