ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٥، هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی هەینیی خوێناوی زاهێدان و خاش، لەبەردەم پەرلەمانی نۆروێژ لە شاری ئۆسلۆ بەشدارییان لە چالاکییەکی یادەوەریدا کرد.
لە چوارچێوەی ئەم چالاکییەدا، پەیامی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن "کەماڵ حەسەنپوور"ەوە خوێندرایەوە.
لە پەیامەکەدا، هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پشتیوانیی خۆی بۆ گەلی بەلووچ و داواکارییەکانیان بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان دەربڕی و جەختی لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هێزە دێموکراتیخوازەکان کردەوە.
لە بەشێکی تری پەیامەکەدا، گرنگیی پاراستنی مافەکانی هەموو نەتەوەکانی ئێران و پێکهێنانی ئێرانێکی ئازاد، دێموکراتیک، سێکۆلار و فرەنەتەوەیی وەک یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان ئاماژەی پێکرا.
هەروەها، لە کۆتایی پەیامەکەدا، یادی قوربانییانی هەینیی خوێناوی زاهێدان وەک بەشێک لە مێژووی خۆڕاگریی گەلی بەلووچ و ناڕەزایەتی لە بەرانبەر سەرکوت و توندوتیژیی حکوومەتی باس کرا.
پەیامەکە لە کۆتاییدا بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» کۆتایی پێهات.