بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی وێڕای گرتنەئەستۆی هێرشەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، باسی لە کوژرانی چوار ئەندامی خۆی لە مەنزڵئابی زاهێدان و کوژرانی پێنج هێزی فاتمیوون لە ڕوودماهی و پاشەکشەی هێزەکانی ڕێژیم لە ڕاسک کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی حاڵوەش، بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی لە ڕێگەی سێ بەیاننامەوە کە لە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٥ بڵاوی کردووەتەوە، باسی لە ڕوودانی پێکدادانی چەکداری لە ناوچە جیاجیاکانی سیستان و بەلووچستان و کوژرانی ئەندامانی ئەم بەرەیە و هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی وەک فاتمیون کردووە.
لە یەکەم بەیاننامەدا، ئەم بەرەیە ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەزبەر، شوێنێکی جێگیربوونی هێزەکانیان لە ناوچەی مەنزڵئابی زاهێدان کەوتووەتە بەر پەلاماری هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە هێزەکانی ڕێژیم بە دەیان ماشینی سەربازی، تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر ئەم شوێنە و لە ڕەوتی پێکدادانەکەدا، چوار ئەندامی ئەم بەرەیە کوژراون.
لە بەیاننامەی دووهەمدا کە بەیانیی ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕەزبەر بڵاو کراوەتەوە، بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەم بەرەیە ماشینێکی گەشتیی هێزی فاتمیوونیان لە ناوچەی ڕوودماهیی زاهێدان بە بەکارهێنانی مین کردووەتە ئامانج.
ئەم بەرەیە ڕایگەیاندووە کە لەم پەلامارەدا پێنج سەرسەنشینی ماشینەکە کوژراون و لە درێژەدا، ئامادەبوونی هێزەکانی فاتمیوون لە سیستان و بەلووچستانی بەتوندی مەحکووم کرد و لەوبارەوە هۆشداریی دا.
لە سێیەم بەیاننامەی ئەو بەرەیەدا هاتووە کە ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕەزبەر، هێزە سەربازییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە چوار شارستانی ڕاسک، سەرباز، قەسرقەند و نیکشار، بە بەکارهێنانی سەدان هێزی سەربازی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و چاودێری و تۆپخانەی قورس، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی شاخاویی ئەم بەرەیە لە بەشی پاروودی شارستانی ڕاسک.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکان لە بەرانبەر ئەم پەلامارەدا بەرگرییان کردووە و دواتر پاشەکەشەیان کردووە.
شایانی باسە لەو هێرشی ناڕەوایانەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەبێ ڕەچاوکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی، چەندین کەس لەوانەش لانیکەم دوو منداڵیان داوەتە بەر دەستڕێژ و گیانیان لەدەست داوە و چەندین ماڵ و خانووی خەڵک زیانی قورسیان بەرکەوتووە و ئەو پارێزگایە بە تەواوەتی مێلیتاریزە کراوە.