کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی دەرمان لە ئێران؛ کەمیی دەرمان و بەرزبوونەوەی نرخ تا ٥٠٠ % گوشارێکی زۆری خستووه‌تە سەر هاووڵاتییان

13:53 - 1 رەزبەر 2726

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لە بنکەکانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی ئاشکرای دەکەن کە بەهۆی نەمانی بەشێک لە دەرمانەکان و سنوورداربوونی بیمە، ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران و خانەنشینکراوان ناچار بڕێکی زۆری دەرمانەکانیان بە نرخی ئازاد بکڕن. لە هەمان کاتدا، نرخی بەشێک لە دەرمانە بیانییەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ٥٠٠ % زیادی کردووە.

پێداویستییە دەرمانییەکانی نەخۆشانی تووشبووی نەخۆشییەکانی شەکرە، دڵ، و دەروون، ڕووبەڕووی کەمیی جیددی بوونەتەوە؛ بەجۆرێک کە زۆرێک لە نەخۆشەکان ناچارن دەرمانە تایبەتەکانی وەک گلوکۆفاج، ئەنسۆلین، وارفارین و ڕیتالین لە دەرمانخانە تایبەتەکان و بە تێچوویەکی زۆر دابین بکەن. جیا لەوەش، کێشەکە گەیشتووەتە دەرمانە ئاساییەکانی وەک ئێستامینۆفێن کۆدێئین و مەرهەمی چاویش کە لە بنکە گشتییەکاندا دەست ناکەون.

گەورەبوونی ئەم قەیرانە داراییە لەکاتێکدایە کە بەشێک لە نەخۆشە تایبەتەکان بەهۆی تێچووی بەرزی چارەسەری و جووڵەی بانکی، ئاستی داهاتی خێزانییان (دەهەک) لەلایەن دەسەلاتەوە بە بەرزی تۆمار کراوە و لە ئەنجامدا یارمه‌تیی مانگانە یان بیمەکەیان بڕدراوە. ئەم ڕەوشە سەختە وای کردووە بەشێک لە هاووڵاتییان بەهۆی نەبوونی توانای دارایی، بەکارهێنانی دەرمان کەم بکەنەوە یان بە تەواوی پرۆسەی چارەسەر ڕابگرن.