هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی ١٤٠٥-١٤٠٦، جێگری وەزیری پەروەردەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٤٠ هەزار منداڵ لە قۆناغی سەرەتاییدا لە خوێندن بێبەش کراون و تەنیا ٤٨ هەزار کەسیان گەڕێندراونەتەوە بۆ قوتابخانە.
زۆرترین ئاماری منداڵانی دابڕاو لە خوێندن لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، تاران، خۆراسانی ڕەزەوی و خووزستان تۆمار کراوە. بەپێی ئامارەکان، هۆکارەکانی دابڕان لە خوێندن برێتین لە: هەژاری، نەبوونی ئامادەییی جەستەیی یان نەخۆشیی سەخت، ڕێگریی بنەماڵەکان، بێسەرپەرستبوون، نەبوونی پێناس و تەنانەت هاوسەرگیریی منداڵان لە تەمەنی سەرەتاییدا.
جگە لەمەش، وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم ئاشکرای کردووە کە ٢٧٧ قوتابی لە شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا گیانیان لەدەست داوە و ئەمساڵ نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر کورسییەکانی خوێندن. ئەم ڕەوشە نیشانی دەدات کە سیستەمی پەروەردە لەگەڵ قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی قووڵ ڕووبەڕوویە.