ئەندامێکی کۆمیتەی شۆراکانی مەجلیسی ڕێژیم هەڕەشەی لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو وڵاتانەی بە پێشنیاری ئەمریکا ئاسمانی وڵاتەکەیان بە ڕووی گەشتی ئاسمانیی فڕۆکەکانی ئێراندا داخستووە، مۆڵەتی تێپەڕین لە گەرووی هۆرمۆزیان پێ نادرێت.
ڕۆحوڵڵا مووسەوی بیدلی، ئەندامی کۆمیتەی شۆراکانی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەزبەر، هەڕەشەی توندی لەو وڵاتانە کرد کە ئاسمانی خۆیان بەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێراندا داخستووە و لە لێدوانێکی هەڕەشەئامێزدا وتی: "دەبێت باجی قورسی ئەو کارەیان بدەن".
ناوبراو لەو لێدوانەیدا بۆ هەواڵدەریی "خانەی مللەت" ڕایگەیاند کە کەشتیی ئەو وڵاتانەی سنوورە ئاسمانییەکانیان بەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێراندا دادەخەن، «مۆڵەتی پەڕینەوەیان لە گەرووی هۆرمۆز پێ نادرێت».
ئەو نوێنەرەی ڕێژیم وتیشی: «ئەو وڵاتانەی بە شوێنکەوتوویی لە ئەمریکا سنووری ئاسمانییەکانیان بەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێراندا دابخەن، تێچووی قورس دەدەن».
لەو پێوەدندییەدا، ئاژانسی دەوڵەتیی فڕۆکەوانیی کۆماری ئازەربایجان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، ڕاگرتنی تەواوەتیی گەشتە ئاسمانییەکانی شیرکەتە فڕۆکەوانییەکانی ئێرانی بۆ ئەو وڵاتە ڕایگەیاند.
هەروەها هەرکام لە تورکیە، گورجستان و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە وەک عێراق و عومان بەفەرمی ڕاگرتنی گەشتە فڕۆکەوانییەکانی کۆماری ئیسلامییان بۆ ئەو وڵاتانە ڕاگەیاندووە.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕاگەیاند کە هەموو هێڵە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە یەکەم ڕۆژی پاییز واتا ئەمڕۆ ١ی ڕەزبەرەوە دادەخرێن و وتیشی "پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی ئێران دەکەوێتە بەر مەترسیی گەمارۆ دووەمییەکانی ئەمریکاوە".