کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە دیداری لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکدا، ڕەخنەی توندی لە لەسێدارەدان و سەرکوت لەلایەن کۆماری ئیسلامییەو گرت.
کالاس لە پەیامەکەیدا بە ئاماژەدان بە وتووێژ سەبارەت بە «ئاسۆی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئەمریکا و ئێران و کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز» هۆشداریی داوە کە «پێش شەڕ هیچ باج و تێچوویەک بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان نەبوو و دوای شەڕیش نابێ هەبێت».
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا بە ئاماژەدان بە دۆخی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز زیادی کرد: «کەشتیوانی دەبێت هەم لەو ڕێڕەوە ئاوییە و هەم لە گەرووی بابۆلمەندەب ئازاد و بێ بەربەست بێت».
ناوبراو لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی پێێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا کرد و نووسیویەتی: «من باسی بابەتی سەرکوتی ناوخۆیی لە ئێران و زیادبوونی توندی لەسێدارەدانەکان و سزاکانی لەسێدارەدان کردووە».
هەروەها پێشتریش کایا کالاس ڕایگەیاندبوو، لە کاتێکدا تاران سەرکوتکاریی نێوخۆیی توندتر دەکاتەوە، شۆرای ئورووپا لە لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو کردەوانە بەردەوام دەبێت.