کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ خەریکی ئامادەکاری بۆ جەنگێکی درێژخایەنە

17:45 - 30 خەرمانان 2726

ئاتلانتیک – نانسی ئا. یوسف، جاناتان لێمیر

لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

هێزی سەربازی خەریکی ئامادەکاریی پلانی درێژخایەن بۆ هێزەکانی لە کەنداوی فارسە کە مەترسیی زەختی زیاتر بۆ سەر هێزی دەریایی لێ دەکەوێتەوە.

بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ، جەنگ دژی ئێران هێندەی نەماوە تەواو بێت. دۆخی سەربازیی ئەمریکا شتێکی دیکەمان پێ دەڵێت: هێزی دەریایی بۆ حزووری بەردەوام تا لانیکەم کۆتایی ئەمساڵ جێگیر کراوە و، بەم شێوەیە بژاردەی بەرفراوانکردنی پێکدادانەکان پارێزراوە.

هێزی دەریایی پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگر، سامانە هەرە بەرچاوەکەی، بە دەوری دنیادا هەڵدەسووڕێنێت تا دووانیان بتوانن لە دەوروبەری کەنداوی فارس لە کۆتایی ئەمساڵدا کەڵکیان لێ وەربگیرێت، بە شێوەیەک کە ئەمریکا بتوانێت هێرش بکاتە سەر ئێران و هەروەها حوسییەکانی سەر بە ئێران لە یەمەن، کە لەم دواییانەدا هێرشی هاژەکییان کردووەتە سەر عەرەبستانی سعوودی. لە هەمان کاتدا، بە هۆی «پێداویستییە کارکردییەکان،» سوپای ئەمریکا حزووری لەشکری ئاسمانیی ٨٢ی درێژ کردووەتەوە کە هەر ئێستا لە ناوچەکەن.

ناکۆکییەکە ئێستا لە حەوتەمین مانگی خۆیدایە و هەر ئێستا گەلێک لە پێشبینییە سەرەتاییەکانی سەرۆک کۆمار لەمەڕ سەرکەوتن لە ماوەی چەند حەوتوودا زیاتری خایاندووە. و کاربەدەستە باڵاکان لەم دواییانەدا ئاستی ناکۆکییەکەیان لەوەی هەیە کەمتر پیشان داوە، کە وێدەچێت هیوادار بن ئەمە ببێتە هۆی کاڵبوونەوەی باسەکە لە مانشێتە سەرەکییەکاندا. جێگری سەرۆک کۆمار ڤانس حەوتووی ڕابردوو لە ئیدیعایەکدا بە هەواڵنێرانی گوت کە ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک لە شەڕدا نییە. هێندەی پێ نەچوو، سەرۆک کۆمار ترامپ ناکۆکییەکەی بە «وردکە پەتاتە » وەسف کرد، ئەگەرچی ناوبراو لەو کاتەوە دەستەواژەی جەنگی بۆ بەکار هێناوە. بە گوتەی ناوەندی فەرماندەیی، پاش بەئامانجگیرانی پاپۆڕە جەنگییەکانی ئەمریکا لە لایەن ئێرانەوە، ڕۆژی سێشەممە هێزی دەریایی هێرشی کردە سەر پێنج پاپۆڕی نەوتهەڵگری ئێرانی. لە کاتێکدا کە هیچ دانوستانێک لە ئارادا نییە و، ئاسۆی کۆتایی دوژمنکارییەکان نادیارە، هێزی دەریایی تا کاتێکی نادیار لە دۆخی ئامادەیی جەنگیدا دەمێنێتەوە، ئەمەش گوشارێکی مەزن دەخاتە سەر هێزی دەریایی و جبەخانەی چەکوچۆڵی ئەمریکا.

ئەم مەئموورییەتە درێژە نائاساییەی پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئابراهام لینکۆڵن، کە سەرنشینەکانی ٢٦٤ ڕۆژی بەردەوام لەسەر دەریا بوون و نزیکەی ٦٨٠ تۆن بۆمب و هاژەکیان لەکار کرد، بووە هۆی کەمیی خواردەمەنی و پێداویستییەکانی دیکە، دروستبوونی گیروگرفت بۆ بۆڕییەکان و دابەزینی ورە. لە کۆتاییدا لینکۆڵن بەرەو تایلەند ڕۆیشت و لەجیاتی ئەو یو ئێس ئێس جۆرج واشینگتۆن جێگای گرتەوە.

واشینگتۆن بە نزیکەی ٢٠ پاپۆڕی دیکەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەیوەست بوو، لە نێویاندا یو ئێس ئێس جۆرج ه. و. بوش، پاپۆڕێکی فڕۆکەهەڵگری دیکە کە لە مانگی ئاپریلەوە لێرە جێگیر کراوە. ئێستا پاپۆڕی یو ئێس ئێس تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت خەریکی جێهێشتنی پێگەکەی لە سان دییەگۆیە تا جێگای واشینگتۆن بگرێتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت مەئموورییەتەکەی لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو بێت. بە کورتی، بە گوتەی کاربەدەستانی ئەمریکا، هێزی دەریایی خەریکی پلاندانان بۆ هێشتنەوەی دوو تاقم پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە نزیک ئێران تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ی زایینییە. دوای هەڕەتی جەنگی ئەفغانستان و عێراق، زۆر بە دەگمەن هێزی دەریایی بوونێکی وەها بەرچاوی لە ناوچەکە هەبووە و بە گوتەی کاربەدەستان، ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی ئەم ڕاستییەیە کە بەڕێوەبەرایەتییەکە بەتەمای پەرەپێدانی هەڵمەتی سەربازیی دوای مانگی نۆڤەمبەرە.

ئادمیڕاڵ داریڵ کۆدڵ، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی دەریایی، لە کاتی گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژنامەوانان لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا گوتی سەرنشینانی ڕۆزڤێڵتی بۆ کاتی دژواری داهاتوو و مانەوەی درێژخایەن لەسەر دەریا ئامادە کردووە، بەتایبەت ئێستا کە ئێران هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو، کە بووەتە هۆی دروستبوونی ئالنگاری بۆ دابەزاندنی دەریاوانان . کۆدڵ دانی بەوەدا نا کە ناوبراو نازانێت ڕۆزڤێڵت تا کەنگێ لە مەئموورییەتدا دەبێت و ئەم ماوەیە ڕەنگبێ بەردەوام درێژ بکرێتەوە.

بە گوێرەی یو ئێس ئێن ئای نیوز، کۆدڵ گوتی، «بێتوو ئێمە بزانین لە زەرەر پێگەیشتن نزیک دەبینەوە، دەبێ ئامادەی دانبەخۆداگرتن بۆ ماوەیەکی دوورودرێژتر لە دەریادا بین. ئێمە ئەم درێژکردنەوانە وردە وردە جێبەجێ دەکەین و، بنەماڵەکان کۆتاییەکەی نابینن، بۆیە ناتوانن بەرنامە بۆ ژیانی خۆیان دابنێن، کە ئەوەش دەبێتە هۆی دڵەخورپە لە لای دەریاوانان.» ئەو هەروەها گوتی، «من وەک خۆم لایەنگری درێژکردنەوەی نیم و، لەدژی دەوەستمەوە. بەڵام دوژمن کاریگەریی هەیە.»

ناکۆکییەکی درێژخایەن بە هیچ شێوەیەک شتێک نییە کە کۆشکی سپی خوازیاری بێت. چەند مانگە ترامپ هەوڵی داوە خۆی لێ دەرباز بکات، بەردەوام لەمە بێزار بووە کە نەیتوانیوە ئێران ناچار بە تەسلیمبوون بکات و، لەمە تووڕەیە کە تاران درێژە بە سەرکێشیکردن لە بەرانبەر هەڕەشە مەزنەکانیدا دەدات. لە چەند حەوتووی دواییدا، بەڕێوەبەرایەتییەکەی هەڵمەتێکی گوشاری ئابووریی دەست پێکردووە بەو هیوایەی کە تاران ناچار بکات بە شێوەیەکی جیددیتر دانوستان بکات. کاربەدەستان بە ئێمەیان گوت کە نیشانەی ئەوتۆ لە ئارادان کە دەیسەلمێنن ئەم هەڵوێستە کاریگەرە و ئابووریی ئێران، کە هەر ئێستا لە دۆخێکی نالەباردایە، لەرزۆکتر بووە. بەڵام گوشاری ئابووری چەند مانگ یان چەند ساڵ دەخایەنێت تا کاریگەرییە تەواوەکەی ئاشکرا بێت. و توندئاژۆکان لە ئێران زۆر دەمێکە ویستی خۆیان بۆ پاشگوێخستنی نەهامەتییەکانی خەڵک پیشان داوە، بێتوو ئەمە بە مانای پتەوترکردنی دەسەڵاتی ئەوان بێت. ترامپ دوێنێ لە لێدوانەکانی بۆ ڕۆژنامەوانان لە کاتی سواربوونی فڕۆکەی سەرکۆماریدا ئاماژەی بە لاساریی ئێران کرد و گوتی ئەو پێی وایە تاران هەوڵ دەدات تا کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا خۆ ڕاگرێت. بەشێک لە یاریدەدەرانی پێیان وایە ئەمە ڕەنگبێ تەنانەت زۆرتریش بخایەنێت. ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا بە ئێمەی گوت ئەوان چیدیکە باسی گواستنەوەی هێزەکان ناکەن.

درێژەپێدانی خنکاندنی ئابووری ئەگەری سوودی سیاسی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ هەیە، چونکە دەبێتە هۆی کپکردنی هەواڵەکان لەبارەی ناکۆکییەکەوە، لە کاتێکدا کۆمارییەکان هەڵبژاردنی ئەم پاییزە بەڕێوە دەبەن. بەڵام لایەنە خراپەکەی ئەم پلانە ئەمەیە کە لە دۆخی هەنووکەییدا نرخی سووتەمەنی لە ئاستێکی بەرزدا دەمێنێتەوە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتییەکە وەها جەخت لەسەر گەرووی هۆرمز، شاڕێیەکی ژینەکی بۆ دابینکردنی وزەی جیهانی، دەکات. ئێران گەرووەکەی گرت و، لە یەکەم ڕۆژەکانی جەنگدا پێشی بە هاتووچۆ گرت.

یاریدەدەرێکی پلەبەرزی کۆشکی سپی و ڕاوێژکارێکی دەرەکی بە مەرجی نەدرکانی ناوەکانیان گوتیان ترامپ لە دانیشتنە تاکییەکاندا بە ڕاوێژکارەکانی گوتووە پێی خۆشە سەرکەوتن ڕابگەیەنێت و ئەم پرسە جێبهێڵێت، بەڵام دانی بەوەدا ناوە کە لە کاتێکدا کە گەرووی هۆرمز تا ئاستێکی زۆر داخراوە یان ئێران هەڕەشە دەکات، ناتوانێت ئەم کارە بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو بکات. سەرۆک کۆمار ئیزنی هەنگاوی سەربازیی لە دەوروبەری گەرووی هۆرمز داوە تا پێش بە هەوڵەکانی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بگرێت.

بە گوتەی یاریدەدەرێکی پلەبەرز، بەڕێوەبەرایەتییەکە هەروەها دەستی بە ئامادەکاری بۆ ئەگەری پەرەپێدانی هێرشەکانی ئێران بە هۆی چوونەسەری زەختی ئابووری کردووە کە دەبێتە هۆی پێویستیی حزووری سەربازیی بەربڵاوتری ئەمریکا. ئەگەرچی ترامپ پێی خۆشە هەرچی زووتر جەنگەکە کۆتایی پێبێت، ئەو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەی دەستپێکردنەوەی هەڵمەتێکی بەردەوامتری سەربازییە، بەڵام وێدەچێت تەنیا پاش هەڵبژاردنەکانی نێوانخولی کۆنگرێس و کاتێک بێت کە پێنتاگۆن جبەخانەی چەکوچۆڵی پۆشتە کردبێتەوە.

ئێستا وێدەچێت ئێران بیهەوێت قەیرانەکە قووڵتر بکاتەوە. لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، هێزەکانی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیوانیی بازرگانی، هەڕەشەیان کردووە ناوچەی تایبەتی لە کەنداو دەستنیشان بکەن (کە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی کەنداو قبووڵکراو نییە)، هاژەکیان ئاراستەی پاپۆڕە ئەمریکییەکان کردووە و، بەڵێنیان داوە «بەرپەرچی هەڕەشە، تەنانەت بەر لە جێبەجێکرانیان، بدەنەوە.» بەسەریەکەوە، ئەم هەنگاوانەی تاران پەیامێک دەگەیەنن: ئێمە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی دڵخوازی خۆمان، گشت کارێک دەکەین. ڕێژیم بە هەمان شێوە خەڵکی خۆی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دژواری ئامادە کردووە، هەوڵ دەدات یەکگرتوویی نەتەوەیی لە جەنگەی هەڵاوسانی پەرەئەستێن و کەمیی کەلوپەل بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا، پتەو بکات. بە گوتەی وەلی نەسر، پرۆفیسۆرێکی لە زانستگەی جان هاپکینز، «پەیامی ئەوان ئەمەیە، ئەمریکا زەختی ئابووری بۆ دەستپێکردنی سەرهەڵدانێکی دیکە لە ئێران کە پێشەکیی جەنگی مەزنی داهاتوویە، بەکار دەهێنێت. ڕێژیم هەوڵ دەدات خەڵک بۆ قەیرانێکی درێژخایەن ئامادە بکات.»

پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگر تەنیا پاپۆڕی خاوەن توانا بۆ پشتگیری لە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لە گەرووی هۆرمز نییە. بەڵام ئەوان شتێک بۆ ئەمریکا دابین دەکەن کە پاپۆڕەکانی دیکە ناتوانن: فڕۆکەخانەیەکی جووڵاو کە لەوێڕا فڕۆکەی شەڕکەر خێرا بتوانن هەستن و بنیشنەوە، بێ ئەوەی پشت بە بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانێک ببەستن کە ڕەنگبێ بکەونە بەر هێرشی ئێران. بە شێوەیەکی بەربڵاوتر، پاپۆڕە فڕۆکەهەڵگرەکان وەک ئامرازی چاوترساندن بەکار دێن، واتە نیشانەی هێز و ویستی ئەمریکا. لە هەمان کاتدا ئەوان دەتوانن نیشاندەری سنوورداربوونی تواناییەکانی ئەمریکاش بن.

تا ئەو کاتەی دوو لە ١٠ پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا لە کەنداون، هێزی دەریایی ناتوانێت بەبێ زەختێکی زۆر بۆ سەر هێزەکانی، پاپۆڕێکی لەم جۆرە لە شوێنێکی دیکەی دنیا ڕاگرێت. پاپۆڕەکانی دیکە یان لە کارگەی نۆژەنکردنەوەن یان خەریکی جێگۆڕکێن لەگەڵ پاپۆڕی دیکە. هەرکات ئەمریکا مۆڵەتی مەئموورییەتی پاپۆڕێک درێژ دەکاتەوە، بەرنامەی کارگەی نۆژەنکردنەوەکان بۆ ماوەی چەند مانگ تێک دەچێت. بە هەمان شێوە زەخت دەکەوێتە سەر دەریاوانان و بنەماڵەکانیان. ئەمە هەروەها بەو مانایەیە کە هیچ پاپۆڕێکی فڕۆکەهەڵگر لە ئوقیانووسی ئارام حزووری نییە تا ئیرادەی ئەمریکا بۆ پارێزگاری لە هاوپەیمانان و تایوان لە ئەگەری دەستدرێژیی چین، بسەلمێنێت. هیچ پاپۆڕێکی فڕۆکەهەڵگریش لە نیوەی ڕۆژاوای گۆی زەویدا بوونی نییە.

برایان کلارک، پسپۆڕێکی بەرگری لە ئینستیتۆی هادسۆن دەڵێ، «کاتێک بەڕێوەبەرایەتییەکە بڕیاری دا گەمارۆی دەریایی وەک هەوڵی سەرەکی بێت، ئەوان بەم ئاکامە گەیشتن کە ڕەنگبێ ئەمە هەڵمەتێکی درێژخایەن بێت. بەڵام ڕاگرتنی پاپۆڕە فڕۆکەهەڵگرەکان لە کەنداوی عەرەب بۆ هێرشی تۆڵەسێنەرانە، پێش بە حزووری پاپۆڕەکان لە شوێنی دیکە دەگرێت. ئێمە ڕەنگبێ شاهیدی بنکۆڵبوونی دەسەڵاتی ئەمریکا لە شوێنی وەک بەشی ئاسیایی ئوقیانووسی ئارام، وەک ژاپۆن و تایوان بین.»

کاربەدەستێکی بەرگری پێی گوتم، هاوپەیمانانی ئەمریکا هەر ئێستا چاوەڕوانی کەمبوونەوەی حزووری بەردەوامی پاپۆڕە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەم وڵاتە لە ئاسیان، بۆیە ژاپۆن و فیلیپین خەریکی تاوتوێکردنی ڕێگا جۆراوجۆرەکانن بۆ بەهێزکردنی هێزە دەریاییەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان لە لایەن چینەوە. هاوکات، ئەمریکا پشت بە تێکەڵاوێک لە پاپۆڕی جۆراوجۆر بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناوچەی ئوقیانووسی هیند و ئارام دەبەستێت، لە نێویاندا پاپۆڕی شەڕکەری خێرا کە بە شێوەی باو لە کەنداوی فارس کەڵکیان لێ وەردەگیرێت بەڵام ماوەیەکی کورت پاش دەستپێکی جەنگی ئێران بۆ نۆژەنکردنەوە چوونە سەنگاپوور. هێزی دەریایی هەوڵی داوە بەشێک لەوان بەرەو کەنداو بگەڕێنێتەوە.

دەریاوانانی پاپۆڕە فڕۆکەهەڵگرەکان لە کەنداو بەرەوڕووی دۆخێک دەبنەوە کە بە هۆی لاساریی ئێران هاتووەتە ئاراوە. بە هۆی هێرشەکانی تاران لە شەش مانگی ڕابردوودا، ئەمریکا ژێرخانی پشتیوانی بۆ سەردانی چەندبارەی پاپۆڕە فڕۆکەهەڵگرەکان لە بەندەرەکانی بەحرەین و ئیماراتی لەکیس داوە. ئێستا، تا ئەو کاتەی هێزی دەریایی بنکەی جێگرەوە بۆ پشوو، لە ئەفریقا و ڕەنگبێ هێندە دوور هەتا سەنگاپوور دەدۆزێتەوە، پاپۆڕەکان وێدەچێت دوو پشوویان لە کاتی درێژکرانەوەی مەئموورییەتەکەیان پێ بدرێت، یەکیان کاتێک کە بەڕێوەن بۆ شوێنی مەئموورییەت و یەکیشیان دوای کۆتایی مەئموورییەتەکە و گەڕانەوە بۆ ماڵ. و بە کەمبوونەوەی بەندەری ئەمینی نزیک، دابینکردنی کەلوپەل دەبێ لە بنکەی دوورترەوە جێبەجێ بکرێت، وەکوو دییەگۆ گارسیا، کە لەژێر دەسەڵاتی بریتانیایە و لە نێوەڕاستی ئوقیانووسی هیند هەڵکەوتووە. کاربەدەستێکی بەرگری بۆمانی شی کردەوە و گوتی، «ئەمە دۆخی ئاسایی نوێی ئێمە دەبێت.»

مەئموورییەتی ئاسایی پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگر لە نێوان شەش بۆ هەشت مانگ دەخایەنێت. بەڵام درێژکردنەوەکانی کەنداو تەنیا بەشێک لە زنجیرەی مەئموورییەتی درێژمەوداتر لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بوون، هاوکات ئەمریکا بە دوای حزووری دەریایی بەرفراوان لە ئورووپا، ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و، ئێستا نیوەی ڕۆژاوای گۆی زەویدا بووە. یو ئێس ئێس جێراڵد ئاڕ. فۆرد پاپۆڕێکی دیکەیە کە بۆ زەختخستنە سەر کاراکاس بەر لە دەستبەسەرکرانی سەرۆک کۆمار نیکۆلاس مادورۆ لە مانگی ژانوویەدا کەڵکی لێ وەرگیرا.

ئەم مەئموورییەتە درێژمەودایانە کاردانەوەیان لەسەر گشت هێزی دەریایی هەیە، کە کاتی داهاتوو دەخوات، کاتێک کە بۆ نۆژەنکردنەوە و ڕاهێنان تەرخان کرابوو. ئەمە بووەتە هۆی بنکۆڵکردنی هێشتنەوە و ئامادەیی دەریاوانان. جان پێندڵتۆن، کە بەرپرسی ناوەندی دەوڵەتیی بەرپرسیاری ئامادەیی سەربازی بۆ ماوەی پتر لە دە ساڵ بووە بە ئێمەی گوت، «کاتێک سامانێک لە ڕادەبەدەر بەکار دێنی، وردە وردە ناچار دەبی تێچووەکەی بدەی.»

هێزی دەریایی ئاسەواری سنوورداریی لەم شێوەیەی لە ڕابردوودا ئەزموون کردووە. لە ٢٠١٧، پاش دوو پێکدادانی کوشندە لە ئوقیانووسی ئارام بە مەودای تەنیا دوو مانگ، کاربەدەستانی هێزی دەریایی دانیان پێدا نا کە ئۆپەراسیۆنێکی چڕی بەردەوام یارمەتیدەری ڕووداوەکان بووە: پاپۆڕەکان بەردەوام چاوەڕوانییان لێ دەکرا داواکارییەکان جێبەجێ بکەن، سەرەڕای کەموکوڕیی ڕاهێنان، پێڕاگەیشتن و دابینکردنی سەرنشینی پێویست، کە بووە هۆی زەختی لەڕادەبەدەر بۆ سەر سەرنشینان و، لە هەندێک دۆخدا، شەکەتبوونیان. نزیکەی یەک دەیە دواتر، مەترسییەکی لەم شێوەیە لە کەنداوی فارس لە ئارادایە.

سەرچاوە:

https://www.theatlantic.com/national-security/2026/09/trump-iran-war-navy/688563/