کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم دەستی بەسەر ماڵی ٣٩٤ کەسی دیکەی "دژبەر"دا گرت

10:07 - 1 رەزبەر 2726

لە درێژەی هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ دەسبەسەرداگرتن و تاڵانکردنی ماڵ و سامانی هاووڵاتییان بە تۆمەتی بێبنەمای "سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن"، لە نوێترین هەوڵدا دەزگای بەناو دادوەری، دەستی بەسەر ماڵ و سامانی ٣٩٤ کەسی دیکەدا گرت.

عەلی ساڵحی، دادستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە تاران، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی خەرمانان ڕایگەیاند: «هەژمارە بانکییەکان و ئۆتۆمبێلەکانی پەیوەندیدار بە ٣٩٤ کەس» کە تۆمەتبارن بە «هاوکاری لەگەڵ دوژمنی دوژمنکار»، دەسنیشان کراون و بە فەرمانی دادستانی، دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەم تۆمەتانە لە پەیوەندی لەگەڵ «هاوکاریی ئەو کەسانە لەگەڵ دوژمن» لە کاتی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا ڕاگەیەندراون.

ساڵحی وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئەم دۆسییانە و ناسنامەی ئەو کەسانە نەخستەڕوو.

هاوکات دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ و سەرکوتکردنیانەوە، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دوژمن" دەستی بەسەر دارایی سەدان هاووڵاتیی ئێرانیی نیشتەجێی نێوخۆ و دەرەوەی ئێراندا گرت.

هەروەها لە حەفتەی ڕابردوودا، دەزگای دادوەریی ڕێژیم، بە تۆمەتی «سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە» دەستی بەسەر ماڵ و سامانی ٢٤٩ بەندکراودا گرتبوو.

پێشتریش هەواڵدەریی «میزان»، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا «بە فەرمانی دادوەری، دەست بەسەر سامانی ژمارەیەکی زۆر لە خائینان بە نیشتمان و خەڵک»دا گیراوە.

میزان نووسیویەتی: «لە بەشێکی دیکەی ئەم کارانەدا، ١٨٢ هەژماری بانکیی سەر بەم کەسانە لە بانکەکانی ئێراندا بلۆکە کراون».

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەم هەوڵانەی لەلایەکەوە تۆڵەی شکستەکانی شەڕی ٤٠ ڕۆژە لە خەڵکی بێتاوانی ئێران بە تۆمەتی بێبنەمای "سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا" دەکاتەوە و لەلایەکی دیکەوە بە تاڵانکردنی ماڵ و سامانی خەڵک، گیرفانیان بۆ  بەردەوامیی شەڕەنگێزیی زیاتر پڕ دەکەنەوە.