جیدی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان سێ شوێنی ئەتۆمیی گرنگی ئێرانی لەناو بردووە و لە ئێستادا بەدوای ڕێگریکردن لە بووژانەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاراندایە.
جەی دی ڤانس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی «نیوزمەکس» ڕایگەیاند: «ئەمریکا بە هێرشێکی تاکتیکیی بێوێنە، شوێنە ئەتۆمییەکان و بەتایبەتی سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێرانی لەناو برد، ئێستا دەبێت دڵنیا بینەوە کە ئەوان ناتوانن بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دروست بکەنەوە».
ڤانس لە درێژەدا وتی کە ئێستا دۆناڵد ترامپ دەخوازێت دڵنیا بێت لەوەی کۆماری ئیسلامی سەرچاوە و ژێرخانی پێویستی بۆ نۆژەنکردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی لەبەر دەستدا نییە و چیتر ناتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
ئەم لێدوانانە چەند حەفتەیەک دوای سەپاندنی سزای نوێی ئابووریی ئەمریکا بەسەر کۆماری ئیسلامیدا دێن، کە ئەمریکا لە پرۆسەی «گۆشەگیریی ئابووری»دا هەوڵ دەدا وڵاتانی تری جیهان بۆ گوشاری زیاتر لەسەر کۆماری ئیسلامی بەشدار بکات.
ڤانس لە هەمان چاوپێکەوتنیشدا هەوڵەکانی ئێرانی بۆ دروستکردنی «ترس و دڵەڕاوکێ بۆ هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتی» بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە جیهاندا زانی و ڕایگەیاند کە کارگێڕی ئەمریکا هەوڵ دەدات بەرەنگاری ئەم هەوڵانە ببێتەوە تا ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و گوشار لەسەر خەڵکی ئەمریکا بکات.