کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێسەروشوێنکردن و دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان درێژەی هەیە

09:31 - 1 رەزبەر 2726

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی دیکە لە سنە و دیواندەرە دەسبەسەر کراون و لەسەر چارەنووسی هەرکام لە "نیما ڕەسووڵزادە" خەڵکی میاندواو، "حیسام عەبدی نیا" خەڵکی کامێران لەبەر دەستدا نییە و مەهدی پاکمێهر، خەڵکی بۆجنوورد بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەسبەسەر کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، «خەبات دێهدار»، چالاکی کرێکاری و زندانی سیاسیی پێشوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە سنە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات» بە یەک ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و ۵ ملیۆن تمەن پێبژاردنی نەختی سزا درا.

هەروەها، ناوبراو ئاگادار کراوەتەوە کە هەموو سێ مانگ جارێک خۆی بە ناوەندە ئەمنییەکان بناسێنێت و ئامادەبوونی خۆی تۆمار بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی دیکەی کوردپا، دوای تێپەڕبوونی ٥٧ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «نیما ڕەسووڵزادە»، لاوی خەڵکی میاندواو، و گواستنەوەی بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە ورمێ، هێشتا هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەی چارەنووسییەوە نییە.

ڕۆژی ٥ی خەرمانان، ئەو لاوە کوردەی خەڵکی ئاوایی «گامێش‌گۆلی»ی میاندواو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کورستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەرمانان، زانیار مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی "کێلەکەوو"،  سەر بە شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، مەهدی پاکمێهر هونەرمەند، گۆرانیبێژ و وەرزشکاری کوردی خەڵکی بۆجنوورد لە پارێزگای خۆراسانی باکوور، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ئەمنیی بەندیخانەی ناوەندیی بۆجنوورد گواسترایەوە.

دوای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی حیسام عەبدی‌نیا، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، کە لە پێوەندیی لەگەڵ مانگرتنی گشتیی  ٢٥ی خەرمانان دەسبەسەر کرابوو، هێشتا بە چارەنووسێکی نادیارەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەم شارەدا ڕاگیراوە و لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەش کراوە.

هەروەها ئارەزوو دەشتی، هاوسەری ناوبراویش دەسبەسەر کراوە و دوای ڕۆژێک ئازاد کرا.