کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی چالاکییەکانی کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» بۆ ٦٤ زیندان

13:48 - 31 خەرمانان 2726

کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» ڕایگەیاند بە پەیوەستبوونی زیندانەکانی بەندەرعباس و زیابەری سومعەسەرا، ڕێژەی زیندانەکانی ئەندام لەم کەمپەینە ناڕەزایەتییەدا، گەیشتووەتە ٦٤ زیندان لە سەرانسەری ئێراندا.

ئەندامانی ئەم کەمپەینە لە حەفتەی ١٣٩شدا، درێژەیان بە مانگرتنی خواردنی سێشەممەکانی هەموو حەفتەیەک دا و ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ سزای دژەمرۆیی سێدارە دووپات کردەوە.

بەپێی بەیاننامەی ئەم کەمپەینە، زندانییەکانی بەندەرعباس و زیابەر ڕایانگەیاندووە کە لەمەبەدوا لە سێشەممەی هەموو حەفتەیەکدا وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، لە وەرگرتنی خواردن خۆیان دەبوێرن.

لە بەیاننامەی ئەم کەمپەینەدا، سەبارەت بە بارودۆخی محەممەدڕەزا مەجیدی‌ئەسڵ لە تاران و ئومید گوودەرزوەند چگێنی لە زیندانی قەزوین هۆشداری دراوە.

کەمپەینەکە هەروەها هەواڵی پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی مەجیدی‌ئەسڵی ڕاگەیاند. ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر هەواڵ سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا بڵاو کرابووەوە.

لەو بیاننامەییەدا باس لە دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ ئومیدڕەزا حەیدەری، قوتابی ١٩ ساڵی خەڵکی ئیزە، کراوە. حەیدەری کە لە بەفرانباری ١٤٠٤ لە ئێسفەهان دەسبەسەر کرابوو، لە لقی دووەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم کەمپەینە، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٥ـەوە لانیکەم ٤٤٨ حاڵەتی لەسێدارەدان لە ئێران تۆمار کراوە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە ڕاپۆرتی نوێی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کراوە کە ناوی ٨٧ بەرپرسی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری لەبارەی ڕۆڵیان لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ هێناوەتە ئاراوە.

کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» لە ڕێبەندانی ١٤٠٢ بە مانگرتنی خواردنی ژمارەیەک لە زندانییە سیاسییەکان لە زیندانی قزڵحەسار دەستی پێکرد و ئەندامەکانی لەو کاتەوە تا ئێستا، سێشەممەی هەموو حەفتەیەک لە ناڕەزایەتیی بە سزای لەسێدارەدان و نەبوونی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، مانیان لە خواردن گرتووە.