ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، کاک محەممەد ڕۆستەمزادە، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا و بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگای نێوان سەقز ــ بانە کۆچی دوایی کرد.
کاک محەممەد لە ساڵی ١٣٤٢ لەدایک بووە و لە ساڵی ٦٢وە و لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا بووەتە پێشمەرگە.
ناوبراو لە هێزی ئاربابا سازمان دراوە و لە ماوەی ٣ ساڵ پێشمەرگایەتیدا، پێشمەرگەیەکی ڕێکوپێک و بەنەزم بووە.
دواتر لە ساڵی ٦٥ لەسەر داواکاریی خۆی و بە ڕەزامەندیی حیزب گەڕایەوە نێوخۆی وڵات، بەڵام هەتا دوایین هەناسەکانی وەفادار بە ڕێبازی پڕسەروەریی حیزبی دێموکرات و ئامانجە بەرزەکانی مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.