لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینیدا، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٥، کۆنفرانسێکی سیاسیی بەبۆنەی ساڵیادی بزووتنەوەی ژینا و بە ناونیشانی «لە بزووتنەوەی ژینا تا داهاتووی ئازاد» لە وڵاتی نۆرویژ بەڕێوە برد.
کۆنفرانسەکە بە سروودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب» دەستی پێکرد و دواتر بەشداربووان بۆ ڕێزگرتن لە یادی ژینا و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی بۆ ماوەی خولەکێک بە بێدەنگی ڕاوەستان.
دواتر پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن خاتوو "کەژاڵ نەقشبەندی"، بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، خوێندرایەوە.
لە پەیامەکەدا، دوای سپاس و پێزانین لە بەشداربووان، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە بزووتنەوەی ژینا تەنیا یادەوەریی ڕووداوێکی تاڵ نییە، بەڵکوو بەشێکی گرینگ لە مێژووی نوێی خەباتی خەڵکی کوردستان و ئێرانە؛ بزووتنەوەیەک کە بەردەوامییەکەی بۆ گەیشتن بە ئازادی، ماف و دێموکراسی گرینگییەکی تایبەتی هەیە.
ژینا بوو بە ناوێک کە لە سنووری شار و وڵات تێپەڕی و دەنگی داواکاریی ئازادی و مافە بنەڕەتییەکان گەیاندە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
هەروەها لە پەیامەکەدا یادی دوو سکرتێری شەهیدی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کرایەوە؛ دوو ژن کە بەشێک بوون لە مێژووی خەباتی ژنانی کورد و بە خەبات و قوربانیدانی خۆیان، پەیامی بەردەوامیی ئەم ڕێگایەیان بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بەجێ هێشت.
کۆنفرانسەکە لە دوو پانێلی سیاسی پێکهاتبوو کە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و نەتەوەکانی ئێران بەڕێوە چوون.
لە هەر دوو پانێلەکەدا، نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە ڕوانگە جیاوازەکانەوە باس و گفتوگۆیان لەسەر کاریگەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بزووتنەوەی ژینا، ڕۆڵی ژنان لە خەبات و گۆڕانکارییەکان، پێویستیی هاوکاری و هاوبەشی و هەروەها چۆنیەتیی پێکەوەژیان لە داهاتوودا کرد.
حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە بەشداربووەکان بریتی بوون لە:
١. حزب تضامن دمکراتیک الاهواز ـ مونا سیلاوی
٢. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ـ فەریبا محەممەدی
٣. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ ئەهوەن چیاکۆ
٤. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ـ جەمیلە ڕەحیمی
٥. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ د.کوێستان گادانی
٦. پارتی ئازادی کوردستان ـ شەماڵ پیران
٧. سازمان اتحاد فدائیان خلق ایران ـ ئیراندۆخت ئەنساری
٨. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ـ جەلال خۆشکەلام
٩. حزب مردم بلوچستان ـ فەریبا بورهانزێهی
پێشکەشکردنی یەکەم «خەڵاتی ژینا»
بەشی کۆتایی کۆنفرانسەکە تایبەت بوو بە پێشکەشکردنی یەکەم "خەڵاتی ژینا".
ئەم خەڵاتە بە پشتیوانیی دارایی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات دیاری کراوە و بڕیارە ساڵانە پێشکەش بکرێت؛ وەک نیشانەی ڕێز و پێزانین بۆ ئەو کەس یان بنەماڵانەی کە لە بەرانبەر نادادپەروەری بێدەنگ نەبوون، بەردەوام بوون و بە هەڵوێست و خۆڕاگریی خۆیان بەشدارییان لە پاراستنی یاد و ئامانجەکانی بزووتنەوەی ژینا کردووە.
دیاریکردن و پێشکەشکردنی «خەڵاتی ژینا» هەنگاوێکە بۆ ئەوەی یادکردنەوە ببێتە بەردەوامی، بەردەوامی ببێتە بەرپرسیاری و بەرپرسیاریش ببێتە هێزی گۆڕان.
«خەڵاتی ژینا» تەنیا پارچەیەک کریستاڵ نییە؛ هەڵگری پەیامێکە کە دەڵێت خەبات و قوربانییەکان نابێت لە ژێر تۆزی کاتدا لەبیر بکرێن.