کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی توندی وڵاتان بەرانبەر ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان

11:25 - 31 خەرمانان 2726

نوێنەرانی چەندین وڵات لە شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە پاڵپشتی لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد و ڕەفتارەکانی تارانیان بە "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" وەسف کرد.

لە ٦٣یەمین کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤ لە ژنێڤ، دیپلۆماتکارانی ئاڵمان، بریتانیا، فەرانسە، ئێسپانیا و بێلژیک لەسەر کوشتنی ناڕازییان، منداڵان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان لە ئێراندا هۆشدارییان دا.

نوێنەری ئاڵمان ئەنجامەکانی ئەو ڕاپۆرتەی بە "تۆقێنەر" ناو برد و داوای لێپرسینەوەی بەپەلەی کرد و هەروەها نیگەرانیی خۆی لەسەر زیادبوونی "سەرکوتی دەرەوی سنوورەکانی" تاران بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان دەربڕی.

نۆینەری بریتانیاش شەپۆلی ئەم دواییانەی سەرکوتی بە "مەرگهێنەرترین بەش لە مێژووی کۆماری ئیسلامی" وەسف کرد و بەکارهێنانی چەکی کوشندە بەرانبەر هاووڵاتییان و منداڵانی مەحکووم کرد.

نوێنەرانی فەرانسە و بێلژیک بەکارهێنانی بەئەنقەست و ناپێویستی هێزی کوشندە، ئەشکەنجە، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سێدارەدانیان بە تاوانی سەخت دانا.

هاوکات نوێنەری ئێسپانیا داوای لە تاران کرد بەپەلە کۆتایی بە گرتنی سەرەڕۆیانە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی سزادانی سێدارە بهێنێت.

لە لایەکی ترەوە، نوێنەری ئۆکراین جەختی کردەوە بەڵگەکانی ناو ئەو ڕاپۆرتە دەیسەلمێنن کە "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" ئەنجام دراوە.

هەروەها نوێنەرانی سویس، ئوسترالیا، دانمارک و یەکیەتیی ئورووپا داوای ڕاگرتنی سەرکوت و دادگاییکردنی تاوانبارانیان کرد.

کۆمیتەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکان جەختی کردەوە کە لە کۆکردنەوە و پاراستنی بەڵگە تاوانکارییەکان بەردەوامە تا لە دادگاییکردنی نێودەوڵەتیی سەرکردەکانی ڕێژیم لە داهاتوودا کەڵکیان لێ وەربگیرێت.