کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، پیرۆزبایی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی لە حکوومەتی هەرێم، لایەنەکان و خەڵکی کوردستان کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
دوای ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانی، لە ڕێوڕەسمێکدا، بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، جێگری سەرۆكی حکوومەت، وەزیری پێشمەرگە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سیاسی و نیزامی، یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕاگەیەندرا.
هەواڵێک کە لەمێژ بوو ئێمە و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، چاوەڕێمان دەکرد.
بەم بۆنەوە، پیرۆزبایی خۆمان پێشکەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنەکان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین.
هیوادارم ئەم هەنگاوە بەنرخە، دەستپێکی هەنگاوی گەورەتر بێ بۆ لەیەک نزیکبوونەوە و یەکڕیزیی لایەنەکان، لەپێناو بەرەوپێشبردنی دێموکراسی، ئاشتی و بەگشتی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستاندا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری
٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥
٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٦