لە کردەوەیەکی تاوانکاریی نوێدا لە کوردستان، هێزەکانی ئیدارەی سەرکوتکەری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشاریان بەبێ هۆشداریی پێشوەختە داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و پاش کوشتنی، تەرمەکەیان بێسەروشوێن کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، شەوی پێنجشەممە ۲۶ی خەرمانانی ۱۴۰۵، "عەلی ئۆسلووب" هاووڵاتیی تەمەن ٣٥ ساڵانی خەڵکی گوندی "کێلەسیپان"ی سەر بە پیرانشار، لەکاتێکدا بە ماتۆڕ لە جاددەی نزیک گوندی "جڵدیان" لە جووڵەدا بووە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە دراوەتە بەر دەستڕێژی چەندین گولـلە و تێرۆر کراوە.
کوردپا ڕایگەیاند کە پاش ئەنجامدانی ئەم تاوانە، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم تەرمی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاتێک بنەماڵەی "عەلی ئۆسلووب" لە چارەنووسی کوڕەکەیان پرسی، دادستانی پیرانشار پێی ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان کوژراوە و تەرمەکەی لە لای ئیدارەی ئیتلاعاتە و بە هیچ شێوەیەک ڕادەستی بنەماڵەکەی ناکرێتەوە.
لە هەنگاوێکی تری دژەمرۆیی و ڕەفتارێک کە هەوڵێکە بۆ ڕەوایی بەخشین بە تاوان و شاردنەوەی ڕاستییەکان، وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم ڕۆژی ۲۹ی خەرمانان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک و بڵاوکردنەوەی وێنەی لێڵ، ئیدیعای ئەوەی کردووە کە لە بۆسەیەکی سەربازیدا کەسێکیان لە پیرانشار کوشتووە.
ئەم کوشتنە سەرەڕۆیانەیە لەکاتێکدایە کە هێزە چەکدار و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی و بێ سڵکردنەوە، لە ناو شارەکان، جاددەکان و ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا ڕاستەوخۆ تەقە لە هاووڵاتییانی مەدەنی، کاسبکاران و کۆڵبەران دەکەن.
نەبوونی لێپرسینەوە و بێسزابوونی بکەرانی ئەم دەستڕێژانە، جاددە و ناوچەکانی کوردستانی کردووەتە مەیدانێکی مەترسیدار کە تێیدا گیانی هاووڵاتییانی کورد بە بەردەوامی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم دەکرێتە ئامانج.