کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنگتۆن پۆست: کۆماری ئیسلامی تا ئەو کاتەی توانای سەرکوتکردنی خەڵکی مابێت، پاشەکشە ناکات

10:25 - 28 خەرمانان 2726

ڕۆژنامەی "واشنگتۆن پۆست" لە وتارێکی شیکاریدا جەختی کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێژیمێکی "بکوژ و خۆڕاگرە" و تا ئەو کاتەی هەست بە لەدەستدانی توانای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان نەکات، لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی پاشەکشە ناکات؛ بەپێی شیکارییەکە، ئامرازی سەرەکیی مانەوەی دەسەڵات لە تاران تەنیا بەکارهێنانی توندوتیژییە.

لوئیس لیبی، بەرپرسی پێشووی نووسینگەی جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا و جەیسۆن فێڵدز، سەرنووسەری باڵا لە دامەزراوەی بەرگریکردن لە دێموکراسییەکان، لە وتارێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێرشە سەربازییە سنووردارەکەی دەوڵەتی ترامپ و هەوڵەکان بۆ بڕینی شادەمارە ئابوورییەکانی ڕێژیم، هەنگاوی ئەرێنین بەڵام هێشتا بۆ گۆڕینی هاوکێشەکانی کۆماری ئیسلامی بەس نین.

بەپێی وتاری ئەم دوو توێژەرە، تا ئەو کاتەی هێزە سەرکوتکەرەکان پێیان وابێت تاران بە فێڵبازیی سیاسی لە واشنگتۆن دەباتەوە و داهاتە نەوتییەکان دەست پێ دەکەنەوە، دانوستانکارانی ئێرانی لەسەر هەڵوێستە ڕەقەکانی خۆیان بەردەوام دەبن.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا هاتووە کە: "نەوت و بەڵێنی داهاتەکانی داهاتووی نەوت" هۆکاری سەرەکیی سووڕاندنی چەرخی ئەم سیستەمە سەرکوتکەرەن.

نووسەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە واشنگتۆن تا ئێستا لە کۆمەڵێک هەنگاوی بنەڕەتی پاشەکشەی کردووە، وەک: "تێکنەدانی دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی ئێران، نەناردنی هێزی زەوینی بۆ دەسبەسەرداگرتنی کۆگاکانی ئۆرانیۆمی پیتێنراو و ڕووبەڕوونەبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پپشتگیرانی ڕێژیم (چین و ڕووسیە)"؛ ئەمانەش وایان کردووە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم هێزەکانی خۆیان دڵنیا بکنەوە کە گوشارەکانی ئەمریکا کاتین.

نووسەرانی واشنگتۆن پۆست جەختیان کردووەتەوە کە تاران هێشتا سوورە لەسەر دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆز و هەڕەشەکردن لە ڕۆژاوا.

لە کۆتاییدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەرچەندە ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی گەورەیان بە بەرنامەی ئەتۆمی و توانای مووشەکیی ئێران گەیاندووە، بەڵام بۆ وەشاندنی "لێدانی کۆتایی" و ڕووخاندنی ڕێژیم، پێویستە واشنگتۆن و هاوپەیمانەکانی ئیرادە و جبەخانەی سەربازیی بەهێزتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی باجوەرگرتن و توندوتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی بخەنە کار.