دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەرمانان یاسایەکی واژۆ کرد کە دەسەڵاتەکانی واشنگتۆن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیە بەرفراوانتر دەکات و هاوکات ماوەی سزاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ پێنج ساڵی دیکە درێژ دەکاتەوە.
"یاسای سزاکانی ڕووسیە و ئێرانی لیندزی گراهام"، ڕێگە بە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر بەرپرسان، سەرمایەداران، بانکەکان و دامەزراوەکانی ڕووسیەدا دەدات.
لە هەمان کاتدا ئەم یاسایە دەسەڵات دەداتە سەرۆککۆماری ئەمریکا تا باجی گومرگی تا ئاستی ١٠٠٪ بەسەر هاوردەکارە سەرەکییەکانی نەوت و گازی سروشتیی ڕووسیەدا بسەپێنێت.
ئەم یاسایە هاوکات "یاسای سزاکانی ئێران"، پەسەندکراوی ساڵی ۱۹۹٦ی بۆ پێنج ساڵی دیکە درێژ کردووەتەوە تا دەسەڵاتی کۆشکی سپی بۆ پاراستنی گوشاری ئابووری و سەپاندنی سزاکان بەسەر تاراندا وەکوو خۆی بمێنێتەوە.
سێناتۆر دارلین گراهام، نوێنەری کۆماریخوازەکان لە کارۆلینای باکوور کە لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی یاساكەدا لە کۆشکی سپی ئامادە بوو، ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە ئامرازی زیاتر دەداتە دەست ترامپ تا یارمەتیی هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین بدات و ئاستی گوشارە داراییەکانیشی لەسەر ڕێژیمی ئێران بە بەرزی بهێڵێتەوە.