کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی لانیکەم ٩ کرێکار لە ڕووداوەکانی کار لە ڕۆژانی ڕابردوودا

13:55 - 27 خەرمانان 2726

لە ئەنجامی زنجیرەیەک ڕووداوی کار لە شارەکانی خانسار، مەشھەد، سەراوان، ئێسفەهان و تەورێز لەماوەی چوار ڕۆژدا، لانیکەم ٩ کرێکار گیانیان لەدەست داوە و ٤ی دیکەش بریندار بوون؛ نەبوونی ئەمنییەتی کار هۆکاری سەرەکیی ئەم کۆستە مرۆڤییانەیە.

پشتگوێخستنی ئەمنییەتی کار لە شارۆچکەی خانسار بووە هۆی خنکانی دوو کرێکار لە نێو بیردا بەهۆی گازی ژەهراوییەوە.

لە مەشھەدیش سێ کرێکار بەهۆی کەوتنە نێو مەکینەی سیمان، پێدانی پێداویستیی ناپێویست، ژێرکەوتن لەژێر لیفتراک و کەوتنەخوارەوە لە شوێنی بەرز و نەبوونی کەلوپەلی پاراستن گیانیان سپارد.

لە سەراوانیش تەقینەوەی مەخزەنی سووتەمەنی لە کاتی جۆشکاریدا گیانی دوو کرێکار بەناوەکانی "خالید سەرجۆیی" و "جاسم نەقیبی"ی ستاند.

هەروەها داڕمانی دیواری بیر لە ئێسفەهان و ئاگرکەوتنەوە لە کارگەیەکی تەورێز، بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کرێکاری دیکە و برینداربوونی سێ کەس کە ژنێکیشیان تێدایە.

ئەم گوێنەدانەی خاوەنکاران بە ئەمنییەتی کار لەکاتێکدایە کە بەپێی داتاکانی پزیشکی دادوەریی ڕێژیم، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا، هەزار و ٩٨٦ کرێکار لە ئێراندا گیانیان لەدەست داوە، کە کەوتنەخوارەوە لە بەرزی (٤٢٪) سەرووی هۆکارەکان بووە.