کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوانینمان لە پەراوێزی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی

15:14 - 27 خەرمانان 2726

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە چوارەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی»دا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی گشتگیر و بەڵگەمەند، ڕایگەیاندووە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی سیستماتیک تاوانی دژەمرۆیی خولقاندووە و لەو پەیوەندییەدا داوای دادئەستێنی و لێکۆڵینەوەی قەزایی لە دەیان بەرپرسی کۆماری ئیسلامی دەکا.

بەپێی نێوەڕۆکی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ساڵی ١٤٠١، بەڵگەی گرنگ و یەکلاکەرەوە لە بەردەستدان سەبارەت بە قەبارەی ئەو تاوانانەی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی ئێران، بەتایبەتی خەڵکی کوردستان، ئەنجامی داوە.

بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە پێشتر لێژنەی سەربەخۆی نێودەوڵەتیی دەرخەری ڕاستییەکان کە لەلایەن شوڕای مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە مەبەستی بەدواداچوونی پێشێلکارییە بەربڵاو و ڕێکخراوەکانی هێزە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا -لە ٢١ی نۆڤامبری ٢٠٢٢- پێکهاتبوو، لە ڕاپۆرتی خۆیدا بە ئەنجامێکی هاوشێوە گەیشتبوو. لێژنەکە ڕایگەیاندبوو بەشێک لە پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکە ئەنجام دراون، بە ئاستی تاوانی دژی مرۆیی گەیشتوون. ئەم تاوانانە کوشتن، ئەشکەنجە، دەستبەسەرکردنی خۆسەر، دەستدرێژی و جۆرەکانی توندوتیژیی سێکسی، ونکردنی بەزۆرەملێ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەخۆ دەگرن کە بە ئامانجی جێبەجێکردنی سیاسەتی حکوومەتی ئەنجام دراون و دەکەونە چوارچێوەی تاوانی دژەمرۆییەوە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی لە کۆتاییدا داوا لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکا بەپەلە میکانیزمێکی دادوەری بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە بە ئامانجی کۆکردنەوەی بەڵگەکان، لێکۆڵینەوە و تەعقیبی بەرپرسانی بەشدار لە تاوانی دژەمرۆیی لە ئێراندا پێک بێنێ و جەختی لەوە کردووەتەوە کە بنبەستی سیاسی لە شوڕای ئەمنییەت، بەربڵاویی تاوانەکان و ئەگەری زۆری دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە، ئەوەمان پێ دەڵێ کە پێکهێنانی ئەو میکانیزمە پێویستییەکی بەپەلەیە.

بەپێی بەڵگە و لێکۆڵینەوەی دامەزراوە سەربەخۆ و نێودەوڵەتییەکان، سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی» تەنیا کۆمەڵێک ڕووداوی تاک و پەرشوبڵاو نەبووە، بەڵکوو بەشێک بووە لە هەڵمەتێکی بەرفراوان و سیستماتیک دژی خەڵکی ناڕازی. ئەوەی گرینگە لەو ڕاپۆرتەدا سەرنجی بدەینێ ئەوەیە بەڕوونی ئاماژە بە قەبارەی سەرکوت و پێشێلکارییەکانی دوو نەتەوەی کورد و بەلووچ کراوە و ئامارەکان دەری دەخەن کە ئاستی سەرکوت لەو دوو هەرێمەدا زۆر گەورەترە لە ناوچەکانی تری ئێران.

بە سەرنجدان بە دەرەنجامەکانی هەردوو ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و لێژنەی دەرخەری ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر لەسەر دۆزی کورد لە ئێران و ڕابردووی پڕ لە کارەساتی ئەو نەتەوەیە لە سەردەمی هەردوو حکوومەتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا خۆی دەنوێنێ، دۆخێک کە مافە سەرەتاییەکانی گەلی کوردی بە شێوەی ڕێکخراو و بەربڵاو پێشێل کردووە و تاوانی نێودەوڵەتیی گەورەی لێ کەوتووەتەوە. بەردەوامیی ئەو دۆخە، زەروورەتی بەدواداچوون بۆ ڕیشە پێکهاتەییەکانی پێشێلی مافی مرۆڤ لە کوردستان زیاتر لە هەمیشە دەردەخا؛ کە بریتییە لە وەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان وەک پرەنسیپێکی بنەڕەتیی یاسای نێودەوڵەتی و مافێکی بەفەرمی ناسراو لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا. هەر بۆیە چارەسەریی بنەڕەتیی کۆتاییهێنان بە سەرکوتی خەڵک و گەڕەنتیی مافەکانی گەلی کورد تەنیا لەو دەریچەیەوە وەدی دێ. ئامارەکانی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بەڕوونی ئەوە دەردەخەن کە هەڵاواردنی سیستماتیک دژی گەلانی بندەستی ئێران چ پێشێلکارییەکی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤی لێ کەوتووەتەوە.

لە لایەکی ترەوە پرسی بە نێودەوڵەتیکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، وڵاتانی دێموکراتیک و ئەو دەوڵەتانەی کە لە یاساکانی خۆیاندا سەلاحیەتی دادوەریی جیهانیان بەفەرمی ناسیوە ئەرکدار دەکا زەرفیەتە یاسایی و دادوەرییەکانیان بۆ بەدواداچوون و سزادانی بکەران و بڕیاردەرانی ئەو تاوانانە بەکار بێنن و لە وەدیهێنانی دادپەروەری و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانەدا بەشدار بن. ناکرێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگە بدا جوگرافیا و سنوورە سیاسییەکان و هەروەها نەبوونی ئیرادەی دادپەروەری لەو وڵاتانەدا کە تاوانی گەورەیان تێدا ئەنجام دەدرێ، ببێتە هۆی پارێزراوی بۆ تاوانباران و وەدینەهاتنی دادپەروەری.

وەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیانی ئەو تاوانانە، بەفەرمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد و گەلانی بندەستی ئێران و کۆتاییهێنان بە پارێزراویی قەزایی، سێ هۆکاری سەرەکین بۆ پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەی تاوانەکان و تەزمینی داهاتوویەک کە تێیدا مافەکانی مرۆڤ، ئازادی و کەرامەتی ئینسانی پارێزراو بن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پێشوازی لەم ڕاپۆرتە و وەبیرهێنانەوەی ڕاپۆرتی لێژنەی دەرخەری ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەخت دەکاتەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێ بە تێپەڕبوونی کات، تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لەبیر بکا. بەتایبەتی ئەوەی کە هەردوو لێکۆڵینەوەکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بە پشتبەستن بە بەڵگە و شایەتییەکان، تاوانەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییان بە تاوانی دژی مرۆیی ناساندووە، بەرپرسیارەتیی دەوڵەت و بەرپرسانی سیاسی و ئەمنیی ئەو ڕێژیمە زیاتر لە جاران دەخاتە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە تێپەڕبوونی کات، گۆڕینی بەرپرسان یان خۆشاردنەوە لە پشت پێکهاتە حکوومییەکان، لە بەرپرسیارەتیی ئەو تاوانانە خۆی بدزێتەوە. لەبەر ئەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکا کە لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانە، هەنگاوی بەکردەوە لەپێناو دابینکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بنێن.

هەروەها لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە، بەبێ گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی لە ئێراندا، پێشێلکاریی بەربڵاو و ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ کۆتایی نایە و گێڕانەوەی مافی تاوانلێکراوان و وەدیهاتنی دادپەروەری ڕوو نادا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێڕی

٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی

١٨ی سێپتامبری ٢٠٢٦ی زایینی