کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی تێکهەڵچوونە چەکدارییەکان لە سیستان و بەلووچستان کوژرانی لانیکەم چەکدارێکی ڕێژیمی لێکەوتەوە

13:51 - 27 خەرمانان 2726

لە تێکهەڵچوونێکی چەکداریی چەند کاتژمێریی نێوان هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و چەند چەکدارێکی نەناسراو لە زاهێدان، لانیکەم چەکدارێکی ڕێژیم کوژرا.

ئەم تێکهەڵچوونە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی ٢٧ی خەرمانان، لە دەوروبەری شەقامی زانکۆ و مەیدانی دوکتۆر حیسابی لە زاهێدان دەستی پێکرد و بەپێی ڕاپۆرتەکان نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندووە.

هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لە برینداربوونی چەند ئەندامێکی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکەن.

لەو تێکهەڵچوونەدا، بەهۆی تەقەی هێزەکانی ڕێژیمەوە دوو ژن بەسەختی بریندار بوون.

هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەم ڕووداوەیان وەک «حاڵەتێکی ئەمنی» وەسف کردووە و نووسیوویانە کە "ئەندامێکی پۆلیس لە ڕەوتی هێرش بۆ سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیس کوژراوە".

لە هەمان کاتدا هەواڵدەریی فارس، سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، ڕاگەیاند کە لە ڕەوتی ئەم تێکهەڵچوونەدا دوو کەس لەلایەنی بەرانبەر کوژران و کەسێکیش دەسبەسەر کراوە.

ئەوە لەکاتێکدایە ماڵپەڕی "حاڵ‌وەش"، وێنەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە ئاماژە بەوە دەکات هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم تەقەیان لە سەرنشینانی ماشینێکی جۆری پێژۆ ٤٠٥ کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی حاڵ‌وەش، لە ڕەوتی تەقەکردنەکاندا چەکدارێک، سێ هێزی سەربازیی ڕێژیم و دوو ژنی ڕێبوار بریندار بوون.

هەرچەند هەندێک لە میدیا و هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم باسیان لەوە کردووە کە ئەو هێرشە لەلایەن "جەیشولعەدل"ـەوە ئەنجام دراوە، بەڵام جەیشولعەدل هەتا ئێستا بەرپرسیارەتیی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ.

شایانی باسە ڕێژیم ماوەیەکە شاری زاهێدان و چەند شارێکی دیکەی بەلووچستانی بەتوندی مێلیتاریزە کردووە و فەزایەکی پۆلیسی سەپاندووە.

هەروەها لە ٦ ڕۆژی ڕابردوودا، لە سەراوان تێکهەڵچوونێکی چەند کاتژمێریی چەکداریدا، چەند کەس لە هێزەکانی ڕێژیم و لایەنی بەرانبەر کوژران و بریندار بوون و دواتر "بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی" هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

شایانی باسە لە ١٥ی خەرمانانیشدا، دوو هێزی سەر بە یەکەیەکی پشتیوانیی بەسیج لە ناوچەی کۆرینی زاهێدان لە ئاکـامی تەقەی چەند چەکدارێکدا کوژران و هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی لەئەستۆ نەگرت.