ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) ڕوودانی ئاڵۆزییەکی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز ئاشکرا کرد؛ هاوکات هێزە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاند کە نەوتهەڵگرێکیان بە ئاڵای وڵاتی "تۆگۆ"وە لە کاتی تێپەڕبوون کردووەتە ئامانج و ئاگری گرتووە.
ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا شەوی پێنجشەممە ٢٦ی خەرمانان ڕایگەیاند کە ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕووداوێکی دەریایی لە ١٦ مایلی دەریایی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی "خەسەب"ی عومان لە گەرووی هۆرمۆز پێگەیشتووە.
لە زانیارییە سەرەتاییەکانی ئەم ناوەندە نێودەوڵەتییەدا هاتبوو کە خەدەمەی کەشتییەکە سەلامەتن، هیچ زیانێکی ژینگەیی تۆمار نەکراوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر وردەکاریی ڕووداوەکە بەردەوامن.
هاوکات هێزی دەریایی سپای تێرۆریستیی پاسداران بەرەبەیانیی هەینی ٢٧ی خەرمانان ڕایگەیاند کە نەوتهەڵگرێکی بە ئاڵای "تۆگۆ"وە لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوون لە ناوچەی گەرووی هۆرمۆزدا کردووەتە ئامانج.
بەپێی ئیدیعای سپای پاسداران، ئەم نەوتهەڵگرە دوای ئامانجگرتنی ڕووبەڕووی ئاگرکەوتنەوە بووەتەوە و پەکی کەوتووە.
هێشتا ناوی نەوتهەڵگرەکە و ئاستی زیانەکان ئاشکرا نەکراون و بنکە دەریاییەکان داوای وشیاری لە کەشتیوانی کەشتییەکان دەکەن.