دوای دەرکرانی کارمەندێکی باڵوێزخانەی ڕێژیمی تاران لە سوید، وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ٤٨ سەعات مۆڵەتی بە یەکێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی سوید لە ئێران دا کە تاران بەجێ بهێڵێت.
دوای ئەوەی ڕۆژی چارشەممە ٢٥ی خەرمانان، حکوومەتی سوید یەکێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ڕێژیمی ئێرانی لە ستۆکهۆڵم دەرکرد و باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کرد، ڕێژیمی تاران وەک کاردانەوەیەک دپیلۆماتکارێکی ئەو وڵاتە دەردەکات.
وەزیری دەرەوەی سوید ڕایگەیاندووە کە کارمەندە دەرکراوەکەی باڵیۆزخانەی ئێران کە ناوی نەهێنراوە، بەهۆی ئەنجامدانی ڕەفتارگەلێک «نەگونجاو لەگەڵ ڕێککەوتنامەی ڤییەن سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان» دەرکراوە.
هەروەها وەزیری دادوەریی سوید لەم دواییانەدا حکوومەتی ئێرانی بە ئەنجامدانی «هەڵسوکەوتی دوژمنانە» و هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە خاکی ئەو وڵاتەدا تاوانبار کردبوو.
پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک، ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دادوەریی سویدی ڕەت کردەوە و دەرکردنی دیپلۆماتە ئێرانییەکەی مەحکووم کرد.
هەر لەو پێوەندییەدا، باڵیۆزی سوید لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم کراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەرکردنی کارمەندەکەی خۆی لە ستۆکهۆڵم بۆ «کاریگەریدانان و نفووزی» ئیسرائیل گەڕاندووەتەوە.
شایانی باسە لە ئێستادا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانێکی قووڵی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتیدایە و هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی مۆریتانی، جەواد ئەبووعەلی ئەیووبی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە نەواکشۆت بانگ کرد و یادداشتێکی ناڕەزایەتیی توندی ڕادەست کرد.
هەروەها لە بەیاننامە فەرمیی مۆریتانیدا جەخت کراوەتەوە کە ڕەفتارەکانی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی پێچەوانەی عورفی دیپلۆماسی و ڕێساکانی سەروەریی خاکی مۆریتانیان.