کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لە کوردستان بەردەوامن

10:29 - 27 خەرمانان 2726

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەوتی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکانی لە کوردستان پەرە پێداوە و چەندین هاووڵاتیی دیکە لە کامێران، پیرانشار، شنۆ و ورمێ و چەند شاری دیکە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆیی کوردپا، رۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان، «فەرھەنگ دێھقان» تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی «دزەی مەرگەوەڕ»، بەهۆی هێرشی هێزە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیم بۆ سەر شوێنی کارەکەی، بە شێوەیەکی توندوتیژانە و لەگەڵ لێدان و  بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

لە هەمان رۆژدا، «مەجید ئیبتێهاج»، خەڵکی «زیوە»ی ناوچەی مەرگەوەڕ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هەروەها «واحد شەعبانی»، «بێهدار ئەسەدی» و «ساڵح دەربووبەچیچەک», سێ هاوڵاتیی کوردی خەڵکی ئاوایی «گەسیان»ی سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە دەسبەسەرکراوانی ٢٥ی خەرمانانن کە لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هەروەها یاسر حوسێنی و موحسین ئەسەدی، دوو لاوی خەڵکی کامێران به شێوەی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و  بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو ڕایگەیاند "لە درێژەی شەپۆلی سەرکوتی هاووڵاتییان لە بەرەبەرەی ساڵیادی کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا، لانیکەم ٢٠ منداڵی کورد لە شاری شنۆ بەهۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژی نیزام" لەلایەن هێزەکانی ئەماکێن و ئیتلاعاتی ئینتزامیی ڕێژیمەوە بانگ کراون، لێپرسینەوەیان لێ کراوەتەوە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکانیاندا گرتووە".