کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‍ کۆمیتەی منداڵان و مێرمنداڵانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان گەشتێکی زانستی بەڕێوە برد

14:11 - 26 خەرمانان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، بە مەبەستی فراوانکردنی چالاکییە پەروەردەیی و فەرهەنگییەکان و ئاشناکردنی منداڵان بە گرنگیی کتێب، خوێندنەوە و ژینگە، کۆمەڵێک لە منداڵان و مێرمنداڵانی ئەو ئەنجومەنە لە شێوەی گەشتێکی زانستی و فەرهەنگیدا، سەردانی کتێبخانەی ئاوایی سەردۆشیان کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لەم گەشتەدا منداڵان فێری گرنگیی کتێب و ڕۆڵی خوێندنەوە لە زیادکردنی هۆشیاری و باشتر تێگەیشتن لە ژینگە و سروشت بوون.

هەروەها باسکردن لە گرنگیی پاراستنی سامانە سروشتییەکان و پاراستنی ژینگە و ڕۆڵی منداڵان لە پاراستنی سروشتدا لە تەوەرەکانی ئەو گەشتە بوون.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان ئەم گەشتە زانستی و کولتوورییەی بە دەرفەتێک بۆ منداڵان بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەزموونێکی فێرکاری جیاواز لە کەشێکی زانستی و پەروەردەیی پێناسە کردووە.

هاوکات کۆمیتەی منداڵان و مێرمنداڵانی ئەنجومەنی سەوزی چیا بە جەختکردنەوە لە سەر گرنگیی پەروەردەی منداڵان و بەشداریکردنیان لە وانەکانی ژینگەپارێزی، هەوڵی خۆی بۆ دابینکردنی بناغەی گەشەکردنی نەوەی داهاتوو بە ئەنجامدانی بەرنامەگەلی پەروەردەیی ژینگەیی، کولتووری و زانستی دەدات.

شایانی باسە بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە بەرنامانە دەتوانێت بۆ بەهێزکردنی ڕۆحی بەشداریکردن و بەرپرسیارێتی یارمەتیدەر بێت و منداڵان بۆ خوێندنەوەی کتێب و  پاراستنی سروشت و چالاکییە ژینگەییەکان هان بدات.