بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پێش لە هەر شتێک ڕێژیمی ئێران تێکدەشکێنێت و دەیڕوخێنێت؛ هاوکات جەختی کردەوە کە بەپێچەوانەی لاوازبوونی تواناکانی تاران و گرووپە نیابەتییەکانی، ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل هێشتا کۆتاییان پێ نەهاتووە.
بێنیامین نێتانیاهوو لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە کارمەندانی هەڵبژێردراوی دەزگای ئەمنییەتی نێوخۆیی ئیسرائیل (شین بێت) وتی: "ئاواتی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل لەنێو نهچووە، بەڵکوو تەنیا لاواز بووە؛ بەڵام توانای جێبەجێکردنی ئەم ئامانجەیان بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو داڕماوە. ئێمە بەشێکی سەرەکیی کارەکانمان ئەنجام داوە، بەڵام هێشتا شتی دیکە بۆ تەواوکردن ماونەتەوە و تەواویان دەکەین."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە: "ئێمە حەماس لەنێو دەبەین و پێش لە هەر شتێک ڕێژیمی ئێران تێکدەشکێنین. کۆماری ئیسلامی دەڕوخێنین و ئەم ڕێژیمە دەکەوێت؛ هاوکات ڕووبەڕووی حیزبوڵڵاش دەبینەوە و ئەویش دەڕووخێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێتانیاهوو ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی لە غەززە و کەرانەی باختەری کرد و ڕایگەیاند هێزە ئەمنییەتییەکان لە تۆڵەکردنەوە لەگەڵ پاشماوەکانی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر بەردەوامن.
ناوبراو هەروەها هۆشداری دا کە هیچ تێرۆریستێک پاریزراو نییە و دەستمان بە هەموویان دەگات.