ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە سنە، سەقز، مەریوان، سەوڵاوا و زیویە بەبۆنەی ٤ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند کە بزووتنەوەی ژینا بووە هۆی دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای مافی یەکسانی هەموو هاووڵاتییان و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.
لەو بەیاننامەدا هاتووە "ئەگەرچی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، بەهۆی حیجابەوە کە ئەمڕۆ زۆر ئاسایی و باوە، تاسێنەر و تاڵ بوو، بەڵام بزووتنەوەی ژینا تەنیا کاردانەوەیەکی ناڕەزایەتی نەبوو؛ بەڵکوو دەربڕینی ناڕەزایەتییەکی قووڵ بوو کە لە درێژایی دەیان ساڵدا لە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی فرەچەشنی ئێراندا دروست ببوو".
هەروەها لەبارەی بزووتنەوەی ژیناوە هاتووە "جیاوازیی بزووتنەوەی ژینا لەگەڵ زۆرێک لە بزووتنەوەکانی پێش خۆی لەوەدا بوو کە ئیتر تەنها ڕوو لە ناوەند و چاکسازی لە پێکهاتەی دەسەڵات نەبوو، بەڵکوو نوێنەرایەتیی ئەو داواکارییانەی دەکرد کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، لە ئەنجامی ڕوانینی ئەمنییەتی و گوتارە ناوەندگەراییەکان، پەراوێز خراون یان لە گۆڕەپانی گشتیدا سڕاونەتەوە".
لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "ئەم بزووتنەوەیە، فرەچەشنیی بەردەست لە کۆمەڵگەی ئێراندا بە شێوەیەکی ئاشکرا پیشان دا و داوای پێداچوونەوەی لە پێناسەکردنی ئێران و دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای مافی یەکسانی هەموو هاووڵاتییان و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کرد".
هەروەها لەو بەیاننامەدا نووسراوە کە "لکاندنی سێ وشەی ژن، ژیان، ئازادی بە یەکەوە، وێنەیەکی نوێی لە خواستی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران پێشکەش کرد؛ وێنەیەک کە تیایدا ئازادیی تاكەکەسی، یەکسانیی کۆمەڵایەتی، کەرامەتی مرۆڤ و مافی دیاریکردنی چارەنووس لێک جیا ناکرێنەوە".
هەروەها لەبارەی ڕۆڵی ژیان لەو بزووتنەوەدا هاتووە کە "ژنان نەک تەنها وەک یەکێک لە چینە ناڕازییەکان، بەڵکوو لە زۆرێک لە ناوچەکان بوون بە هێزی بزوێنەری ناڕەزایەتییەکان. خۆڕاگری بەرانبەر حیجابی زۆرەملێ و شێوازەکانی دیکەی کۆنتڕۆڵکردنی جەستە و ژیانی ژنان، بوو بە بەشێک لە خۆڕاگرییەکی مەدەنیی فراوانتر".