لە درێژەی هەوڵە نەزۆکەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی بەدناوکردنی پێشمەرگە لەنێو خەڵکی کوردستاندا، چەند چەکدار و بەکرێگیراوێکی ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ئاواییەکی مەهاباد بە ناوی پێشمەرگەوە یارمەتی لە خەڵک وەردەگرن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ٧ بەکرێگیراوی ڕێژیم لە ئاواییەکانی یاڵاوێی سەرێ و یاڵاوێی خوارێ سەر بە شاری مەهاباد، بە ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبی دێموکراتەوە خۆیان ناساندووە و بە هەڕەشەکردن یارمەتییان لە خەڵک وەرگرتووە.
ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان خەڵکی ئەو ناوچانە ئاگادار دەکاتەوە بە هیچ شێوەیەک یارمەتی بەو کەسانە نەکەن و ئەوانە سەر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان نین.
شایانی باسە لە ساڵانی ڕابردووشدا ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەدان جار کردەوەی لەو چەشنەیان بۆ ناشیرینکردنی هێزی پێشمەرگە لە چەندین شار و ناوچەی کوردستاندا ئەنجام داوە، بەڵام خەڵکی کوردستان بە هوشیاری و ئاگایی تەواوە ئاگاداری ئەو جۆرە پیلانە دوژمنکارییانەی ڕێژیم بوون و ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.
پێشمەرگە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستاندا، ناوێکی پیرۆزە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە سەدان شێوە و لە ڕێگەی جۆراوجۆر و بە تێچوویەکی زۆری ماددی و پڕوپاگەندەی ڕەشەوە، هەوڵی داوە کە پێشمەرگە لەنێو خەڵکدا بەدناو بکات، بەڵام پێشمەرگە کە ڕۆڵەی کوردستانە، هەموو کات جێگای ڕێز و خۆشەویستیی نەتەوەی خۆیە.