خەبات فیدایی هونەرمەندی دیار و بەهەڵوێستی کوردستان و خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی خەرمانان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە مەریوان، هونەرمەند خەبات فیدایی خەڵکی ئاوایی بۆڕیەر سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوانیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
ئەو هونەرمەندە لە ساڵانی ڕابردوودا وەک هونەرمەندیکی نیشتمانپەروەر لە بۆنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆزدا، بە سروودە شۆڕشگێڕانەکانی بۆنەکانی دەڕازاندەوە و بەو هۆیەوە چەند جارێک لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چەند ڕۆژێک لە گرتنگەکاندا بەبێ هۆکار ڕاگیراوە.
شایانی باسە سروودی بە ناوبانگی "شاهەڵۆ" لە سروودەکانی ئەم هونەرمەندەیە.
هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هونەرمەندە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.