کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان

11:01 - 18 خەرمانان 2726

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" ڕاپۆرتی ئاماریی خۆی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان لە مانگی ئاگۆستی ۲۰۲۶دا بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لەم مانگەدا لانیکەم ۱۳ بەندکراوی کورد لە سێدارە دراون، ۷٥ هاووڵاتی دەسبەسەر کراون و بۆ ۳۸ چالاکوانیش سزای بەندکران و قامچی دەرچووە.

بەپێی بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لەکۆی ۸۹ لەسێدارەدان لە ئێران، ۱۳ حاڵەتیان بەرانبەر بەندکراوانی کورد جێبەجێ کراون (١٤.٥٪ی کۆی گشتی) و تۆمەتەکان بریتی بوون لە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، کوشتنی بەئەنقەست، ماددەی هۆشبەر و دزیی چەکدارانە.

لە بەشی گوشارە ئەمنییەتییەکاندا، ۷٥ هاووڵاتیی کورد، لەوانە ۸ ژن و منداڵێک لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون؛ ئەمەش ٦٤٪ی کۆی دەسبەسەرکراوانی تەواوی ئێران دەگرێتەوە.

هاوکات دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم سزای گشتیی ۱۳٥ ساڵ و ۲ مانگ زیندانی و ۳۰۱ قامچی بەسەر ۳۸ چالاکواندا سەپاندووە.

لە ڕووداوە سنوورییەکاندا، ۷ کۆڵبەر (۴ کوژراو و ۳ بریندار) بوونەتە قوربانی کە زۆربەیان لە سنووری بانه و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ڕێژیم کراونەتە ئامانجی ڕاستەوخۆ.

هەروەها هاوڵاتییەک و پەیرەوی ئایینی یارسان بە تەقەی ڕاستەوخۆ و سەرەڕۆیانەی هێزەکانی ڕێژیم لە کرماشان کوژراوە.

هەروەها لە مانگی ڕابردووی زایینیدا، ۲ کەس بە هۆی مینە چێنراوەکانی ڕێژیم لە بانە و پاوە بریندار بوون.

هەنگاو زیادی کرد کە لەو مانگەدا ٤ حاڵەتی ژنکوژی، لەوانە کوشتنی بێبەزەییانەی "نیلووفەر موجاوری" لە پیرانشار دوای ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسی ڕووی داوە.