ڕۆژی هەینی ١٣ی خەرمانی ١٤٠٥، هەمزەئاغا خزری، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و کەسایەتیی خۆشناوی خەڵکی ئاوایی گەنمان سەر بە شاری ناوچەی ڕەبەت، بەهۆی پیری و نەخۆشییەوە لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو مرۆڤێکی خۆشەویست و كۆمەڵایەتی و جێگەی متمانەی خەڵکی ئاوایی گەنمان و ئاواییەكانی دەوروبەر بوو.
لە ساڵەکانی ٤٦ــ ٤٧ی هەتاویدا، یەکێک لەو کەسانە بووە كە هاوكارییەکی باشی کادر و پێشمەرگەكانی حیزبی لەو سەردەمەدا کردووە.
هەروەها لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا لە ١٣٥٧ ئەوکاتەی حیزبی دێموكرات بنكە و بارەگای لە ئاوایی و شارەكانی كوردستاندا دامەزراند، ناوبراو چەكی پێشمەرگایەتی لە شان کرد و بۆ ماوەی چەندین ساڵ دڵسۆزانە پێشمەرگایەتیی کردووە.
ناوبراو لەو ماوەی پێشمەرگایەتیدا بەرپرسایەتیی لە ئەستۆ بووە و دڵسۆزانە ئەرکەکانی ڕاپەڕاندووە و لە چەندین تێکهەڵچوون دژ بە هێزەكانی دوژمندا ئازایانە بەشەڕ هاتووە.
کاک هەمزە ساڵی ٦١ی هەتاوی لە سەر داوای خۆی و ڕەزامەندیی حیزب، چووەوە نێوخۆ و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی پڕسەروەریی حیزبی دێموکرات مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.