لە چوارچێوەی بەردەوامیی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری"دا، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ۳٦ دامەزراوە و شیرکەتی فڕۆکەوانیی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانەوە؛ هەنگاوێک کە بە مەبەستی بڕینی شادەماری گواستنەوەی چەک، هێزی سەربازی و کەرەستەی نایاسایی ئەنجام دراوە.
نووسینگەی کۆنتڕۆڵی سەرمایە دەرەکییەکانی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا (ئۆفاک) ڕایگەیاند کە ۲۷ شیرکەتی هێڵی ئاسمانیی ئێرانیان خستووەتە ژێر گەمارۆی ڕاستەوخۆوە.
شیرکەتە فڕۆکەوانییە گەمارۆدراوەکان بریتین لە: "ئەیر شیراز، ئاسا جێت، ئاتا، گرووپی فڕۆکەوانیی ئەتلەس، ئاوا، چابەهار، ئەروان، فلای کیش، فلای پێرشیا، ئێران ئەیر تور، ئاسمانی ئێران، جیسکای، کیش ئەیر، کاروون، لاد، مێهر، نەسیم، پارس ئۆقیانووسی کیش، قێشم ئەیر، ڕایمۆن، ساها، سێپێهران، سرووش، تابان، تووس، وارش و زاگرۆس".
بەپێی بەیاننامەکەی ئۆفاک، ئەم شیرکەتانە بۆ کڕینی شاراوەی فڕۆکەی درووستکراوی ئەمریکا و دەستڕاگەیشتن بە تێکنۆلۆژیی هەستیار لە ڕێگەی شیرکەتە ساختەکانەوە بەکار هێنراون.
هاوکات، وەزارەتی خەزێنەداری، مۆڵەتی فڕینی فڕۆکە بازرگانییەکانی لە ئاسمانی ئێراندا هەڵپەساردووە و چەندین شیرکەتی دیکەی لە وڵاتانی ئێمارات، مالزی، قەزاقستان، بریتانیا و تورکیە بەهۆی پەیوەندییان بە هێڵی ئاسمانیی "ماهان ئەیر"ەوە سزا داوە.
لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە داراییەکان داوای لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان کردووە ڕاپۆرت لەسەر تۆڕەکانی دابینکاریی پیشەسازیی فڕۆکەوانی ئێران بدەن.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی بەڵێنی واشنگتۆن بۆ درووستکردنی دەرئەنجامی قورس بۆ ئەو لایەنانەیە کە هاوکاری دارایی و لۆجستیکی ڕێژیمی ئێران دەکەن و هۆشداریی دا کە هەر شیرکەتێک مامەڵە لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێراندا بکات، ڕووبەڕووی بڕینی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سیستەمی دارایی جیهانی دەبێتەوە.