هێزە ئەمنییەتییەکانی عێراق بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ژمارەیەک لە سیاسەتمەدار، پەرلەمانتار و بەرپرسانی باڵای حکوومەتیان دەسبەسەر کرد.
سەرچاوە ئەمنییەتی و یاساییەکان ئەم هەنگاوەیان وەک سەرەتای هەڵمەتێکی بەربڵاو بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی وەسف کرد.
یەکەکانی تایبەتی دەزگای دژەتێرۆر (CTS) هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چەندین بەرپرسی باڵا لە ناوچەی سەوزی بەغدا و دەسبەسەریان کردوون.
ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە عەلی زەیدی، کە لە مانگی مەی ڕابردووەوە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، بەڵێنی دابوو ڕووبەڕووی گەندەڵی ڕیشەدار ببێتەوە و دەسەڵاتی دادوەریش فەرمانی دەسبەسەرکردنی بۆ تۆمەتباران دەرکردبوو.
سەرچاوەیەکی باڵا ڕایگەیاند کە بەشێک لەم دەسبەسەرکردنانە دوای دانپێدانان و شایەتیدانی عەدنان جومەیلی، جێگری پێشووتری وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان هاتووە کە خۆی پێشتر بە تۆمەتی گەندەڵی دەسبەسەر کرابوو.
دانپێدانانەکانی ناوبراو بووەتە هۆی ئاشکرابوونی تۆڕێکی فراوانتر لە بەرپرسانی تێوەگلاو لە دۆسییە داراییەکاندا.
بەهۆی ئەوەی هەندێک لە تۆمەتباران پێش گەیشتنی هێزە ئەمنییەتییەکان هەوڵی هەڵاتنیان دابوو، دەسەڵاتداران دەروازەکانی ناوچەی سەوزی بەغدایان داخست و ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوی گەڕان و پشکنینیان دەست پێکردووە کە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتووشدا بەردەوام بێت.