لە بەرەبەری ٤چوارەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی بەربڵاو و سەرانسەریی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، ١٠ دامەزراوە و ڕێکخراوی پیشە جیاوازەکانی ئێران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و لەسەر بەردەوامبوونی ئەو شۆڕشە مەزنە پێداگرییان کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە "کوژرانی ژینا بوو بە ئاگرێک کە بەسەر زیاتر لە چوار دەیە لە ستەم، هەڵاواردن و گەندەڵیدا بڵێسەی سەند و هاووڵاتییانی ناڕازی جارێکی تر بڕیاریان دا بۆ کۆتاییهێنان بە هەژاری، نایەکسانی، هەڵاواردن، سەرکوت و بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی، یەکسانی و ئازادی بێنە سەر شەقامەکان".
لەو بەیاننامەیەدا نووسراوە "هەشت مانگ خەبات و هاودڵیی بێوێنەی خەڵکی ناڕازی لە ساڵی ١٤٠١دا کە بە نافەرمانی بە لابردنی حیجاب دەستی پێکرد، لە درێژەدا شکۆدارترین ساتەکانی خەباتی خەڵکی ئێرانی لە مێژووی هاوچەرخدا و بە زمانێکی تر، یەکەم شۆڕشی ژنانەی تۆمار کرد".
هەروەها لە بەشێکی دیکەدا باس لەوە کراوە کە "مەزنیی شۆڕشی ژینا لە ئاستێکدا بوو کە دەزگای سرکوتکەری ڕێژیم هیچ ڕێگەیەکی نەبوو بێجگە لە کوشتار و دەسبەسەرکردنی هەزاران کەس لە خۆپیشاندەران".
ئەو ڕێکخراوانە لەوبارەوە نووسیویانە "سەرەڕای ئەم سەرکوتە خوێناوییە، شۆڕشی ژینا بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» نیشانی دا کە تەنانەت لە بەرانبەر دڕندەترین ڕێژیمە دیکتاتۆرییەکانیشدا، پێشڕەوی و سەرکەوتن بەدەست دێت".
لەو بەیاننامەدا باس لەوەش کراوە کە "کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتە شەڕخوازانەکانی ناوچەکە و بە سوودوەرگرتن لە شەڕ و ئەو «نێعمەتە»ی کە بەهۆی دۆخی شەڕ و سزاکانەوە دەستی کەوتووە، قووڵترین و بەرفراوانترین بازنەی هەژاری، بێکاری، کپکردن و سەرکوتی زیاتر و لەسێدارەدانی ڕۆژانەی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە، بەڵام نەیتوانیوە کۆمەڵگە ملکەچ بکات".
هەروەها لە بەشێکی دیکە نووسراوە " ئێمە بۆ بەدەستەوەگرتنی هێز و سەپاندنی ئیرادە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بەربەستەکان لا دەدەین و هەتا دروستکردنی جیهانێکی مۆدێڕن، شاد و خۆشگوزەران بۆ هەموو مرۆڤەکان بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز، نەتەوە و بیروباوەڕە فکرییەکان، دەست لە تێکۆشان هەڵناگرین".
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە "ئێمە واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە بانگهێشتی هەموو چالاکوانان، ڕێکخراوەکان و مرۆڤە بەڕێزەکان دەکەین بۆ بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارترکردنی ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا و بەرزڕاگرتنی یادی هەموو گیانبازانی ڕێگەی ئازادی".