کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا پەرەی سەندووە

16:50 - 7 پووشپەڕ 2726

لە دوای دوو ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، ئەرتەشی ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەیەکی خۆی لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی پووشپەڕ، ئەرتەشی ئیسرائیل لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە ڕەوتی تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، فەرماندەیەکیان کوژراوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل لەو بەیاننامەدا، شوناسی ئەو فەرماندەیەی بە ناوی سەروان داڤید هازووت ٢١ ساڵە و فەرماندەی دەستەیەکی سەربازی ڕاگەیاند.

هەروەها بەپێی ئەو بەیاننامەیە، سەربازێکی دیکەی ئیسرائیل لەو شەڕەدا بریندار بووە.

دوابەدوای ئەو هێرشە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی خۆی دژی هێزە چەکدارەکانی حیزبوڵڵا دەست پێکرد.

هاوکات هەواڵدەرییە فەرمییەکانی لوبنان هێرشی ئاسمانیی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەری شارەکانی دیرسریان و تەییبە لە باشووری ئەو وڵاتەیان پشتڕاست کردەوە.

شایانی باسە لە سەرەتای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە مانگی مارسەوە، لانیکەم ٣٨ سەرباز و فەرماندەی سەربازیی ئیسرائیل کوژراون.

هەروەها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا حیزبوڵڵا چەندین هێرشی ڕاکێتی و پەهپادی کردووەتە سەر ئیسرائیل و لەلایەن ئیسرائیلەوە تێک شکێندراون.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە کوژرانی چەند ئەندامێکی چەکداری ئەو گرووپە تێرۆریستییەی سەر بە ڕێژیمی تاران کرد.