کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی سپای پاسداران مەسعوود پزیشكییانی بە درۆزن ناو برد

14:31 - 7 پووشپەڕ 2726

لە درێژەی ململانێ و ناکۆکیی نێوان باڵە جیاوازەکانی ڕێژیم، حوسێن موحێبی وتەبێژی سپای پاسداران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "دانشجوو"دا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ مەسعوود پزیشکییانی بە درۆزن ناو برد.

حوسێن موحێبی، وتەبێژی سپای تێرۆریستی پاسداران لەو وتووێژەدا لێدوانی مەسعوود پزیشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیمی ڕەت کردەوە کە ڕۆژی یەکشەممەی حەفتەی ڕابردوو باسی لە دانی ٢٠ میلیۆن بەرمیل نەوت بە سپای پاسداران کردبوو.

حوسێن موحێبی لەبارەی ئەو لێدوانەوە وتی: "ئەوەی دەوڵەت نەوتی بە ئێمە دابێت، ئاگادار نیم، بەدووری دەزانم کاری وا کرابێت، ئەوەی وای وتووە، درۆزنە".

پزیشکییان لەو لێدوانەیدا وتبووی: "وەک دەوڵەت ئێمە بۆ سەلماندنی نیازپاکیی خۆمان لە پشتیوانیکردنی هێزە چەکدارەکان، بڕیارمان دا کە ٢٠ میلیۆن بەرمیل نەوتی خۆمان بە یەکەی هەوافەزای سپای پاسداران بدەین هەتا خۆی پڕچەک بکاتەوە".

ناوبراو باسی لە شەڕی ئەم دواییانە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا کرد و وتبووی: "ئەگەر دەوڵەت پشتیوانیی لە هێزە چەکدارەکان نەکردبایە، هێزە چەکدارەکان نەیاندەتوانی شەڕ بکەن".

ململانێ و ناکۆکییەکانی نێو باڵەکانی ڕێژیم لە ئاستێکدا زەق و بەرچاوە کە لە ڕەوتی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمدا کۆشکی سپی داوای لە کاربەدەستانی تاران کردبوو کە بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو بێتە نێو دانوستانەکانەوە.

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا نەرمیی پێویستی نیشان داوە تا بۆ گەیشتن بە پێشنیارێکی ڕوون دەرفەت بداتە بەرپرسانی ئێران چونکە بە وتەی ئەو، ئێستا ناکۆکی و فرەدەنگییەکی زۆر لە نێوان کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیدا دەبینرێت و واشنگتۆن چاوەڕێی وڵامێکی یەکدەست دەکات.