کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ڕووخاندنی ڕێژیم ئەرک و بەرپرسایەتییەکی گشتییە و گرێدراوی یەکیەتی و هاوپێوەندیی هەموو ئازادیخوازانی ئێرانە

10:26 - 7 پووشپەڕ 2726

کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، ٧ی پووشپەڕ لە بەرنامەی 'مەیدان'ی بەشی فارسیی دەنگی ئەمریکادا ڕایگەیاند ئەوەی لە ناوچەکە ڕوو دەدا بەستێنسازی زۆر گۆڕانکارییە سیاسییە کە ئێرانیش دەگرێتەوە. لێک‌تێگەیشتنەکەی ئەمریکا و ئێران چ بگاتە ڕێککەوتن و چ هەرەس بێنێت، ئالوگۆڕی زۆر بنەڕەتی بەدووی خۆیدا دێنێ.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی حیزبی دێموکرات لە ناڕەزایەتییەکانی دوو ساڵی ڕابردوودا جوولەی مەیدانیی نەکردووە و چالاکییەکانی تەنیا لە ڕاگەیاندنی مانگرتندا سنووردار بووە، گوتی: ڕاستە ئێمە داوای ڕاپەڕین و هاتنەسەر شەقامی خەڵکی کوردستانمان نەکرد، چونکی دڵنیا بووین کۆماری ئیسلامی کە شکستی قورسی لە ئەمریکا و ئیسڕائیل خواردووە، تۆڵەی شکستەکانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان دەکاتەوە. ئێمە لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی لە ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا هەزاران کەسی لەسەر شەقام خەڵتانی خوێن کرد، لە کوردستان داوای مانگرتنمان کرد و لانیکەم سەتا ٨٠ی شار و ناوچەکانی کوردستان بەدەم داواکەی ئێمەوە هاتن. بۆیە دەمانزانی هەر بانگەوازێکی ڕاپەڕین و هاتنەسەر شەقام بدەین، خەڵک دێن بەڵام زۆر بەتوندی سەرکوت و کۆمەڵکوژ دەکرێن؛ سەرەڕای ئەوەش لە هیندێک ناوچەی کوردستان لە ئیلام و کرماشان کۆمەڵێک ناڕەزایەتی هەبوو کە وەک دەزانن سەرکوت کرا و شەهید و برینداری زۆریشمان دا.

کاک مستەفا هیجری لە وڵامی ئەوەدا کە ئێوە بە خەستی مووشەکباران کران، کەچی بەوحاڵەش هیچ بەرگرییەکتان لە خۆتان نەکرد، باسی ئەوەی کرد لە سەرەتاکانی دەستپێکی شەڕدا زۆر دەگوترا کە حیزبی دێموکرات و هێزە کوردییەکان شانبەشانی ئەمریکا و ئیسڕائیل دژی کۆماری ئیسلامی دێنە بەرەی شەڕەوە. ڕاستە حیزبی دێموکرات لەپێناو مافەکانیدا دژی کۆماری ئیسلامی لە خەبات و تێکۆشن‌دایە، بەڵام جەوهەر و ئامانجی خەباتی ئێمە جیاوازە لە ئەجێندا و ئامانجی ئەو وڵاتانەی لەگەڵ ڕێژیم لە شەردا بوون جیاوازە. دوای ئەوەش ئێران تەنیا بە کوردستان ڕزگار ناکرێ و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییش تەنیا ئەرکی خەڵکی کوردستان نییە. ڕووخاندنی ڕێژیم ئەرک و بەرپرسایەتییەکی گشتییە و گرێدراوی یەکیەتی و هاوپێوەندیی هەموو ئازادیخوازانی ئێرانە. بێگومان ئامادەیی کاری مەیدانی و پێشمەرگانەمان هەبوو، کوردستان نیشتمانی ئێمەیە و هەرکات بارودۆخەکە بە گونجاو بزانین دەگەڕێینەوە.

سکرتێری گشتیی حیزب لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئێوە هێزێکی چەکدارن و باوەڕتان بە خەباتی چەکدارییش ماوە، ئەدی بۆچی سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ٢٠٠ جار هێرشتان کرایە سەر، چەکەکانتان و هێزی پێشمەرگەتان بۆ بەرگری بەکار نەهێنا، ڕوونی کردەوە کە حیزبی دێموکرات توانای بەرپەرچدنەوەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی نییە، جیا لەوە نەک هەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات، بەڵکوو هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەڕەبییش کەوتنە بەر هێرشی مووشەکیی ڕێژیم و ئەوانیش پەرچەکرداریان هەر وەک ئێمە بوو. خۆ ئەگەر ئێمە وەڵامی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیمان بە پەرچەکرداری پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵاتدا دابایەوە، لەوانە بوو خەڵکەکەمان کۆمەڵکوژ کرابان و کوردستانیش خاپوور ببا. ئێمە زیاتر لە ٨٠ ساڵە تێچووی قورس بۆ خەباتەکەمان دەدەین و نەمانویست خەڵکەکەمان لە نێوخۆی وڵات هەر بەتەنیا بن و هەر ئەوان لەوە زیاتر زیان و خەساریان بەر بکەوێ. کاک مستەفا هیجری لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە مانەوەتان لە هەرێمی کوردستان چەندە چالاکییەکانی ئێوەی سنووردار کردووە، نەیشاردەوە کە دۆخی مانەوەی حیزبی دێموکرات لە هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕێککەوتننامەی ئەمنییەتیی نێوان تاران-بەغدا-هەولێر بەسەر حیزبی دێموکراتدا بسەپێ و بەپێی ئەو دەروەستییەی بە نیسبەت حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمانە، ڕێ لە ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کوردستان بگیردرێت.

سکرتێری گشتیی حیزب لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەدا باسی ئەوەی کرد خەباتی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورد خەباتێکی فرەڕەهەندە و بە ڕاگرتنی خەباتی پێشمەرگە و مەیدانی ئەم تێکۆشانە لەبن نەهاتووە، وەک چۆن دەبینین خەڵکی کوردستان سەرەڕای هەموو سەرکوت و گوشارە ئەمنیەتییەکان ڕێکخراوترین کۆمەڵگەی سیاسی لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێرانن و ئەوەش بەرهەمی خەبات و هەوڵدانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانە. بەڵام ئێستا کە کۆماری ئیسلامی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنییەتی و دەروەستییەکانی لە هێرشەکانی بۆ سەر حیزبە سیاسییەکان و بنکە و بارەگاکانیان بەردەوامە، بێگومان سیاسەت و کاردانەوەی ئێمە و حیزبە کوردییەکانی دیکەی هاوپەیمانی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت.

کاک مستەفا هیجری لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە خەباتی پێشمەرگانە دەتوانێ پشتیوانی خەباتی مەدەنی و جەماوەری بێت، ڕایگەیاند ڕاستە حیزبی دێموکرات هێزی پێشمەرگەی چەکداری هەیە، بەڵام ستراتیژیی حیزبی دێموکرت یەکیەتیی سیاسی و بەکردەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئێرانی لەپێناو دروستکردنی ئاڵترنتیڤ دژی کۆماری ئیسلامییە و ئەگەر ئەو خەبات و تێکۆشانە ڕەهەندی پێشمەرگانە بگرێت، لەوانەیە بەو ئامانجەمان نەگەیەنێت کە خەباتێکی سیاسی، مەدەنی و جەماوەری لە ئاستی سەرانسەریدا دەتوانێت بیپێکێت. هاوکات دەشزانین کە خەباتی چەکداری دەبێتە هۆی سەرکوتی زیاتر و خوێناویتری بزووتنەوەی کورد و خەڵکی کوردستان. سکرتێری گشتیی حیزب لە وڵامدانەوە بەو پرسیارە کە ئاخۆ ئەوە هەر ڕوانگەی ئێوەیە یان هەموو ڕێبەریی حیزب، گوتی لە حیزبی دێموکراتدا بڕیارەکان تاک نایدەن و هەموو بڕیارە سیاسی و گرینگەکان لە کۆنگرە و کۆمیتەی ناوەندیدا بەکۆمەڵ دەدرێن و ئەو سیاسەتەی ئێستاش بەکۆمەڵ بڕیاری لەسەر دراوە. بەڕێزیان بە ئاماژە بەوەی لەوانەیە چاوەڕوانیی خەڵکی کوردستان بەتایبەت لاوان لە دوای بزووتنەوەی ژیناوە بۆ خەباتی پێشمەرگانەی حیزب زیاتر بووبێت، بەڵام سیاسەتی دروست و واقعبینایەی حیزب ئەو تێگەیشتن و قەناعەتەی لای ئەوانیش دروست کردووە و بەو پێیە دەتوانین بڵێین پێگەی سیاسی و جەماوەریی حیزبی دێموکرات لە جارانیش بەهێزترە.