کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستیی پاسداران بە مووشەک و دڕۆن بنکەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردە ئامانج

09:16 - 7 پووشپەڕ 2726

سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە هێرشی ئاسمانی و دەریایی بۆ سەر هەشت بنکەی ئەمریکا لە کوەیت و بەحرەین کرد.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ژێرخانەکانی ئەرتەشی ئەمریکا لە بنکەکانی عەلەلسالمی کوەیت و ناوی پێنجەمی دەریایی لە کەناراوی سەلمانی بەحرەین لەلایەن یەکە دەریایی و ئاسمانییەکانی سپای پاسدارانەوە کراونەتە ئامانج.

هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ئەو هێرشانە لە وڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەناراوەکانی باشووری ئێران کراوە.

سپای پاسداران لەو ڕاگەیەندراوەدا هەڕەشەی لە ئەمریکا کرد کە ئەو کەشتییانەی بەبێ لە بەرچاوگرتنی ڕێوشوێنی دیاریکراو هاتوچۆ بکەن، دەکرێنە ئامانج.

لە دژکردەوەدا ستادی گشتیی ئەرتەشی کوەیت ئەو هێرشانەی ڕێژیمی ئێرانی بە "دوژمنکارانە" ناو لێ بردووە.

بەحرەین هاوشێوەی کوەیت هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی مەحکووم کرد و بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و پێشێلکردنی سەرەوەریی وڵاتەکەی لەقەڵەم داوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سێنتکام، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە فڕۆکە شەڕکەرە دەریاییەکان و هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە وڵامی هێرشەکانی ئیران بۆ سەر کەشتی نەوتکێشی ئێم تی کەی کوو، ١٠ بنکەی سەربازیی ڕێژیمی تارانی لە دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز کردووەتە ئامانج.