کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی تاران

08:34 - 7 پووشپەڕ 2726

لە دوای هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر چەند بنکەیەکی ڕێژیم لە باشووری ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم بەیاننامەیەکی توندی بڵاو کردەوە و ئەو هێرشەی بە پێشێلکاریی ڕێککەوتننامەی ئەم دواییانە لەقەڵەم دا.
وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بەیاننامەدا، نووسیویەتی: "هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند دامەزراوە لە کاناراوەکانی باشووری ئێران بە توندی مەحکووم دەکەین و بە پێشێلکردنی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاڵی یەکەمی ڕێککەوتننامەی ئەم دواییانەی دەزانین".
وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم، ئەمریکای بە دەروەستنەبوون بە بەڵێنی و پەیمانەکانی تاوانبار کرد و ڕایگەیاند: "پەیمانشکێنی بەشێکە لە نێوەڕۆکی واشینگتۆن".
بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە لە دوای ئاگربەستەوە هێزە سەربازییەکانی ڕێژیم چەندین جار بەڵێن و پەیمانی خۆیان بە هێرشکردنەسەر وڵاتانی ناوچەکە لەوانەش بەحرەین و هەڕەشەکردن لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە شکاندووە.
پێشتریش مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دژکردەوە بەو هێرشانەی ڕێژیمدا ڕایگەیاندبوو کە هەر توندوتیژییەک بە توندوتیژی وڵام دەدەینەوە.