کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبوڵڵا بە ڕێککەوتننامەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان

19:45 - 6 پووشپەڕ 2726

چەند کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی نوێی ئیسرائیل و لوبنان بە نێوبژیوانیی ئەمریکا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبوڵڵا بە ئاگردانی لاستیک و هاتنەسەر شەقام لە بەیرووت ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی فەرانسە و لوبنان نیشانی دەدات کە لایەنگرانی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، هاتوونەتە سەر شەقامەکانی بەیرووت و لە ڕێگەی سووتاندنی ماتۆڕسیکلێت و دروستکردنی ئاڵۆزییەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و هێزە ئەمنییەتییەکانی لوبنان ڕووبەڕووبوونەوەیان بوونەتەوە.

هەواڵدەرییەکانی دەوڵەتی لوبنان ڕایانگەیاند لایەنگرانی حیزبوڵڵا چەند شەقـامێکی بەیرووتیان بەستووە.

هەروەها ئەرتەشی لوبنان بۆ ڕێگرییکردن لەو ناڕەزایەتییە، چەندین پرسگە و خاڵی پشکنینی داناوە و ڕێوشوێنی ئەمنییەتیی تایبەتییان گرتووەتە بەر.

ڕۆژی هەینی ٥ی پووشپەڕ، ئیسرائیل و لوبنان ڕێککەوتننامەیەکی مێژووییان واژۆ کرد و ئەوەش دەسپێکی کۆتاییهێنان بە شەڕ لەو ناوچەدایە.

مارکۆ ڕۆبیۆ لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند: "ئیسرائیل و لوبنان بڕیاری بوێرانەیان داوە و لەسەر چوارچێوەیەکی ڕاستەقینە ڕێککەوتوون کە دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزیی زیاتر".

حیزبوڵڵای لوبنان بە یەکێک لە سەرەکیترین گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیمی تاران دێتە ئەژمار و هەموو سەرچاوە ماڵی و چەکوچۆڵییەکانی لەلایەن سپای پاسداران و ڕێژیمی تارانەوە دابین دەکرێت و نێتانیاهوو دوای ئەو ڕێککەوتننامەیە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی تووشی شکستی گەورە بووەتەوە.