ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە پچڕانی هێڵی ئێنتێرنێت ژنانی زیاتر لە هەموو کات گۆشەگیرتر کردووە و بە زۆری لە جیهانی ئابووری و چالاکییە هاوشێوەکان دایبڕیون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیلنای سەر بە ڕێژیم، بەهۆی پچڕانی هێڵی ئێنتێرنێتەوە نرخی بەشداریی ئابووریی ژنان لە ساڵدا لە ١٧ لەسەدەوە بۆ ١٢ لەسەد کەمی کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ژنانی خاوەن کار کە پێشتر بەشێک لە پێداویستیی خۆیان و بنەماڵەکیان دابین دەکرد و خاوەن سەرچاوەی داهات بوون، ئیستا بوونەتە تاکی ناچاکی کۆمەڵگا و خانەنشینی زۆرەملێ.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژنان بەهۆی ئینتێرنێتەوە سەرقاڵی کاری ئانلاین لەوانەش بێلاگێری، فرۆشتنی ئانلاین، فرۆشتنی خزمەتگوزاریی جوانکاری، ڕاوێژکاری، دیزاین و فرۆشتنی جلوبەرگی تایبەت بە ژنان و دەیان کاری دیکە بوون و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئینستاگرامەوە سەرچاوەی داهاتی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین دەکرد.
شایانی باسە دوای پچڕانی هێڵەکانی ئینتێرنێت لە مانگی بەفرانبار و دواتریش گرانبوونی نرخی فیلتێرشکێنەکان، ژنان چیتر توانای بەردەوامبوونیان لەو پیشانەدا نەماوە.
بەپێی ئامار و داتاکان ژنان لە ساڵی ١٤٠٤ بەنیسبەت ساڵی ١٤٠٣وە، زیاتر کە ٢٠٠ هەزار هەلی کاریان بەو هۆیەوە لەدەست داوە.
ئابووریناسان باس لەوە دەکەن کە خانەنشینیی زۆرەملێی ژنان نیشانەی چەقبەستوویی بەرهەمهێنان، حەقدەستی کەم و پیاوانەبوونی بازاڕە.