هاوپەیمانیی ئیمپەکت ئێران لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کردووە کە پرسی مافی مرۆڤ وەک یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستان لەگەڵ ڕێژیم تاران بخرێتە بەرباس.
لە بەیننامەکەی ئیمپەکت ئێراندا هاتووە کە داوا لە دەوڵەتەکان دەکەین پرسی مافی مرۆڤیش هاوشێوەی دانوستانە ئەمنییەتی و ناوکییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بخەنە بەرباس و لە دەستووری کاردا بگونجێندرێت.
هەروەها هاوپەیمانیی ئێمپەکت ئێران لەو بەیاننامە هاوبەشەدا هۆشداریی دا کە بە دەسپێکردنی دانوستانە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، قەیرانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە بەرچاو نەگیراوە.
واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە داوایان لە دەوڵەتانی پێوەندیدار کردووە کە لە ڕەوتی دانوستانەکاندا بەڕوونی و بەردەوام، بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە گوشاری زیاتر بخرێتە سەر کۆماری ئیسلامی.
لەو بەیاننامەدا ئاماژە بە کوشتار و سەرکوتی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤ کراوە کە لەو ناڕەزایەتییەدا، هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی کوژران، دەسبەسەر و بێسەروشوێن کران.
هەروەها باس لە پچڕانی ئێنتێرنێت و شاردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی کوشتاری بێبەزەییانەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران یەکێک لە تەوەرەکانی ئەو بەیاننامەیە.
هاوپەیمانیی ئیمپەکت ئێران ڕێکخراوی پێنی ئەمریکا، ناوەندی مافی مرۆڤی عەبدولڕەحمان بروومەند، ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەخۆ دەگرێت.