کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافیای ئابووری لە ئێران باڵادەستن و نرخەکان لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە

09:38 - 6 پووشپەڕ 2726

ئەحمەد بیگدێلی، ئەندامی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، پەردەی لەسەر قووڵایی گەندەڵی و بێدەسەڵاتیی کۆماری ئیسلامی لادا و ڕایگەیاند بازاڕ بە تەواوی ڕەها کراوە و هیچ ئیرادەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نییە.

بیگدێلی هۆکاری ئەم داڕمانەی بۆ باڵکێشانی تۆڕە مافیاییەکان لەنێو جەستەی دەسەڵاتدا گەڕاندەوە کە بەرژەوەندیی دارایی خۆیان دەخەنە پێش ژیانی خەڵکەوە.

بە وتەی ئەو، کەمترین مووچە لە ناوچەکەدا ۵۰۰ دۆلارە، بەڵام کرێکاری ئێرانی تەنیا ۱۶ تا ۱۷ میلیۆن تمەن وەردەگرێت، کە تەنانەت ئەگەر مووچە ٦٠٪یش زیاد بکات، فریای کەمکردنەوەی کەلێنی هێڵی هەژاری ناکەوێت.

ئەم بارودۆخە کاتێک پتر دەردەکەوێت کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، گەشەی ئابووری لە زستانی ساڵی ڕابردوودا بۆ ٢.٢-٪ دابەزیوە و پیشەسازی تووشی سستبوون بووە.

لە بازاڕی خۆراکیشدا، نرخی مریشک گەیشتووەتە ٣٠٠ هەزار، گۆشتی سوور نزیکەی دوو میلیۆن و کیلۆیەک گێلاس بووەتە ٨٠٠ هەزار تمەن.

ئەم نۆینەرەی مەجلیسی ڕێژیم دانی بەوەدا نا کە نرخی نان دوو هێندە بووە و بەو هۆیەوە فرۆشتنی نان بە ڕێژەی ٣٠٪ دابەزیوە، کە ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونی برسیبوونی زیاتری خەڵکە.

ناوبراو لە کۆتاییدا تێکەڵبوونی ڕۆڵی دەسەڵات لە داڕشتنی سیاسەت، جێبەجێکردن و خاوەندارێتیی بە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ڕانت و باڵادەستیی مافیا زانی.